" تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر بڕیارەکە سابتە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت "

جێگری سەرۆکی هەرێم رایدەگەیەنێت" تائێستا سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر بڕیارەکە سابتە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت".

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ ی نیسان جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی "حکومەتی هەرێم کاربەڕێکەرە، دەبوایە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرایە".

جێگری سەرۆکی هەرێم لە بارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوەو کاریگەرییە نەرێنییەکانی وتی "چەند هەڵبژاردن دوابکەوێت ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت"و دەشڵێت " ئێستا حکومەتەکەمان کاربەڕێکەرەو بۆشاییەکی یاسایش هەیە".

جەعفەر مستەفا لە درێژەی قسەکاندیا دەشڵێت" سەرۆکی هەرێم هەموو کاتێک ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە بە خواستی ئەو نەبووە ئەنجامنەدراوە، لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکراوە".

تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سێ جار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاندووەو دواتر دواخراوە، لە ئێستا بڕیارە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، تا ئێستا پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوەو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی دروستکردووە.



PM:04:53:16/04/2024