داتای فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٩٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە". 

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٤ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بە نوسراوی فەرمی زانیاری بەرهەمهێنانی نەوت دەخەنە بەردەست تیمی وردبینی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی نوسراوەکە هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا بڕی ٩٣ ملیۆن و ٨٢٩ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەو بڕە ٣١ ملیۆن بەرمیلی تاکو رۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بە بۆری هەناردەکراوە، ١١ ملیۆن و ٨١٦ هەزار بەرمیلی دراوە بە عێراق، ١٦ ملیۆن و ٥٦٣ هەزار بەرمیلی گوایە لە ناوخۆ بەکارهاتووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێکی ٧.٥ دۆلار دراوە بە پاڵاوگە، لە کاتێکدا ئەو پاڵاوتنە بە بازرگانی فرۆشراوە و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ نەبووە، لەم نێوەندەدا ٣٣ ملیۆن و ٨٢٩ هەزار بەرمیل نەوت دیار نیە.

سۆران عومەر باسی لەوەشکردوە، حکومەتی هەرێم دەڵێت ڕاستەوخۆ فرۆشتویانە بە پاڵاوگەکان بە ترلیۆنێک و ٣٥٧ ملیار دینار ئەمە ئەو نەوتەیە کە بە تەنکەر دەیفرۆشن و دەبرێتە دەرەوە بە قاچاخ.

ئەوەشی ئاشکراکردوە، داهاتی نەوت ساڵی ٢٠٢٣ دا بە ٣ ملیار و ٦٢١ ملیۆن دۆلار دانراوە، خەرجی نەوت بە ٣ ملیار و ٦٧ ملیۆن دۆلار دانراوە، گوایە تەنها ٥٥٤ ملیۆن دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، بەم پێیە لە فرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت حکومەتی هەرێم ٦ دۆلاری ماوەتەوە.


PM:01:36:18/04/2024