تەیف سامی بۆ کردنەوەی هەژماری مووچەخۆران، داوای زانیاری لە هەرێم دەکات

وەزیری دارایی عێراق داوای لە هەرێم کردووە زانیاری فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی لە بانکە حکومییەکانی عێراق هەژماریان بۆ بکرێتەوە تاوەکو فەرمانبەران بتوانن لەو بانکانەوە مووچەکانیان وەر بگرن کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.( هیچ ئاماژەیەک بۆ هەژماری نەکراوە).

بەپێی نووسراوێکی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کە بەرواری ٧ ی نیسانی لەسەرە داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کراوە، ناو و زانیاری فەرمانبەرەکانی، "خێرا" بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەیان بخرێتە سەر بانکە حکومییە فیدڕاڵییەکان، کە ئەوانیش بریتین لە بانکی عێراق بۆ بازرگانی (تی بی ئای)، بانکی رەشید و بانکی رافیدەین.

بەپێی نوسراوەکە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئازادن لەوەی کام یەک لەو سێ بانکە هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگرتنی مووچەکەی.

دواتر، لەو بانکەی کە فەرمانبەرەکە خۆی هەڵی بژاردووە کارتیان بۆ دروست دەکەن و مانگانە مووچەیان بۆ دەنێرن تاوەکو لە لقی بانکەکان و نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکانی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان پارەکەیان وەربگرن. 



PM:10:21:19/04/2024