شانەی ئەمنی عێراق: تەقینەوەکەی بابل بۆردوومان نەبووە

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە کە تەقینەوەکەی سەربازگەی کالسو لە بابل درۆن نەبووەو دەڵێت" ئەنجامی لێکۆلینەوەکە بڵاودەکەنەوە".

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"  نزیک کاتژمێر ١ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە١٢ی نیسانی ٢٠٢٤، تەقینەوەیەک لە نێو سەربازگەی کالسو لە باکووری پارێزگای بابل ڕوویدا، کە بارەگای یەکەکانی سوپا، پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە و بەهۆیەوە یەک ئەندامی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران و هەشت کەسیش بە ڕێژەی جیاواز برینداربوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای عێراقە".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە"  بە هەوڵ و کۆششی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بابل توانراوە ئاگرکەوتنەوەی تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لیژنەیەکی تەکنیکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگری شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە نێو سەربازگەکە و دەوروبەری سەربازگەکە".

هەروەها فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی عێراق ڕایگەیاندووە" بەر لە تەقینەوەکەی بابل هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان درۆنێکی نامۆ لە چاودێرییە ئاسمانییەکانی دەرنەکەوتووە. ڕاشیگەیاندووە، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە".

پێشتر لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هەر یەک لە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو" کە هیچ پەیوەندییەکانیان بە کردەی سەربازی سەر پارێزگای بابل نییە".



AM:11:31:20/04/2024