لاهور شێخ جەنگی: هێشتا لە کوردستان رۆژنامەنووسان لەسەر بیروڕا زیندانی دەکرێن و راوەدوو دەنرێن

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بڵاویکردووەتەوە کە " بەداخەوە هێشتا لە کوردستان رۆژنامەنووسان ئازار دەدرێن، لەسەر بیروڕا زیندانی دەکرێن و راوەدوو دەنرێن".

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"  لەماوەی رابردوو، گرتن و راوەدوونانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە بادینان و، دادگاییکردنیان بە قانونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئیعتیباری هەرێمی کوردستانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنوساندا لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێنایە خوارێ".

دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: 

رۆژنامەنووسان و مێدیاکارانی کوردستان

بەبۆنەی ١٢٦مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم. 

ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی و میدیایی، پێوەری سەرەکین بۆ پۆلینکردنی رێژەی ئازادیی رادەربڕین لە کۆمەڵگە و رژێمە سیاسییەکاندا. 
بەداخەوە هێشتا لە کوردستان رۆژنامەنووسان ئازار دەدرێن، لەسەر بیروڕا زیندانی دەکرێن و راوەدوو دەنرێن. دەسەڵات لە کوردستاندا، لە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان و ئەو دەزگا میدیاییانەی کە سەر بەخۆیان نین، بەهیچ شێوەیەک بۆ قانونە بەرکارەکانی پەرلەمانیش ناگەڕێتەوە کە تێیاندا، حکومەت پابەند کراوە بە پێدانی زانیاری و داتا بە رۆژنامەنووسان، هاوکات ئەو قانونانە رێگرن لەوەی کە رۆژنامەنووسان زیندانی بکرێن و، بە قانونێکی غەیری قانونی کار و ئازادیی رۆژنامەنوسی دادگایی بکرێن. 

 لەماوەی رابردوو، گرتن و راوەدوونانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە بادینان و، دادگاییکردنیان بە قانونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئیعتیباری هەرێمی کوردستانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنوساندا لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێنایە خوارێ. هاوکات روبەڕوبونەوەی مافیا ئاسای ئەوانەیش کە فرمێسکی تیمساحیان بۆ رۆژنامەنوسان دەڕشت، بە تەقەکردن، دەستبەسەرکردن و رێگریی بەردەوام لە کاری رۆژنامەنوسان پەڵەی رەشن بە تەوێڵیانەوە و پاکانەکانیان لەم یادەدا دادیان نادا.

هیوادارم میدیا و میدکارانی کوردستان بەوپەڕی ئازادییەوە، چاونەترسانە و پیشەگەرانە ببن بە دەنگ و چاوی خەڵک بەسەر حوکمڕانییەوە.



PM:03:59:22/04/2024