وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی گەرما و دەستپێکردنی بارانبارین ڕاگەیەندرا

کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتایی مانگی داهاتوو کەشێکی بەھارەی و فێنک ڕوو لە هەرێم دەکات و شەپۆلی گەرما کۆتایی دێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی خەماسینی کە لە بیابانەکانی باکوری ئەفریقاوە سەرچاوەی گرتووە بارستە ھەوایەکی گەرم و وشک سەرتاسەری وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و لە بەشێکی ناوچەکانیش بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و ناوچەکانی عێراق کەشێکی ھاوینەی دروستکردوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی بەرچاو بەرزبوونەتەوە کە بەشێکی ئەم بەرزبوونەوەیە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواو گەرمبوونی جیھانیە کە وادەکات کاریگەری ئەو بارستە زیاتر لە ئاستی ئاسایی کەش  لەم کاتەدا گەرم بکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەریەکانی ئەم گەرمایە لە رۆژانی داھاتوودا زیاتر دەبێت، بەڵام لە ڕۆژانی (٢٩ و ٣٠)ی ئەم مانگە کاریگەریەکانی کەمدەبێتەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە سبەی رۆژی شەممەوە کاریگەری سەرەتایی ئەو ناسەقامگیریەی پێشبینی دەکرێت سەرەتای مانگی داھاتوو ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە لە ناوچەکانی رۆژئاواو و باکوری سعودیە دەستپێدەکات بارانبارین و ھەورە بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا پەرەدەسەنێت و لە رۆژانی (٢٩ و ٣٠)ی مانگ کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی دەریای سوور فراوان دەبێت بۆسەر ناوچەکانی باشوری عێراق. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، لە ڕۆژی ١ی ٥ی ٢٠٢٤ پێشبینیدەکرێت ناوچەکانی دیکەی عێراق و ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە کە بۆ ماوەی (٥ تا ٦) رۆژ کاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکان دەمێنێتەوە ناوبەناو ھەورە بروسکە و تاو تاو بارانی بەخوڕ و تەرزە بەرێژەی جیاواز لە کات و شوێنی جیاجیادا چالاک دەبێت و پلەکانی گەرماش نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لەو ماوەیەدا کەشێکی بەھارەی و فێنک دەستپێدەکاتەوە. 


PM:06:32:26/04/2024