"دادگای فیدراڵی ڕەتیکردەوە روونکردنەوە بدات لەسەر پێنەدانی سێ موچەکەی ساڵی ڕابردوو"

ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت" دادگای فیدراڵی ڕەتیدەکاتەوە روونکردنەوە بدات لەسەر پێنەدانی سێ موچەکەی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم". 

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند" دادگای فیدراڵی رەتیکردەوە روونکردنەوە لەسەر پێنەدانی سێ مووچەکەی ساڵی ٢٠٢٣ بدات، بەوپێیەی لە دەسەڵاتی دادگاکەیان نییە". 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" دوای ئەوەی نوسراوم ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ناوەند کرد، ئەوان وەڵامەکەیان خۆ لادان بوو لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی سێ مووچەکە، ئێستا پێویستە حکومەتی هەرێم وەڵام بداتەوە". 

تائێستا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوە و پێشتریش وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئەو سێ مووچەیە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە. 


PM:04:01:27/04/2024