مالیکی دەربارەی مووچە دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند" ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بە ئەگەری دواخستنی بۆ مانگی ١٠ دەدات".

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی)  هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند"  پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن".

مالیکی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ئاماژەی بەوەشداوە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەولەتی یاسای ڕەتیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرابێت و وتیشی" لیژنەیەک لەوبارەیەوە پێکهێنراوە".

نوری مالیکی ڕایگەیاند" بیستوومانە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنەکە بۆ مانگی ١٠ دوا دەخات، ئەمە بابەتێکی تەکنیکی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە".


PM:01:03:28/04/2024