بەرهەمهێنانی غاز لە کێلگەی کۆرومۆر دەستپێدەکاتەوە

ئێوارەی ئەمرۆ لە کێڵگەی کۆرومۆر دەست بە بەرهەمهێنانەوەی غاز کرایەوە.

کۆمپانیای دانە غاز ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردەوە" دوای پێنج رۆژ لە راوەستانی ئەمشەو بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر دەستپێدەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بە هاوبەشی ڕێوشوێنی باشتر بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگەی کۆرومۆر دەگرنە بەر.

ڕوونیشیکردۆتەوە ، لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ بەرهەمهێنانی غاز دەستمان بە ڕێکارەکان کردووە و ئەمشەو دەست بە بەرهەمهێنانەوەی غاز دەکەینەوە.

شایەنی باسە ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی نیسان بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر و بەهۆیەوە چوار کەس بوونە قوربانی و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای هێرشەکە کۆمپانیاکە ڕایگەیاند" هەرچەندە زیانێکی ئەوتۆی ماددی بەر دامەزراوەکانیان نەکەوت، بەڵام لە پێناو پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیاندا بەرهەمهێنانی غازیان بە شێوەیەکی کاتیی لە کۆرومۆر ڕاگرتووە".

دانە غاز ئەوەشی خستەڕوو کە خۆیان و هاوبەشەکانیان هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ باڵاترین ئاستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.


PM:07:20:30/04/2024