بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

بڕیارە سبەی چوارشەممە، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی محسن لە ٦٥٠ دینارەوە بۆ ٨٥٠ دینار، و بەنزینی سوپەر لە هەزار دینارەوە بۆ  هەزار و ٢٥٠ دینار بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە بەگوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەرچووە، ، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی محسن بۆ (٨٥٠) دینار بۆ هەر لیترێک و بەنزینی سوپەر بۆ ١٢٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک لە سبەینێ ١/٥/٢٠٢٤دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، کە لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بڕیاریدا نرخی بەنزینی محسن و بەنزینی سوپەر بەرزبکاتەوە، کە لە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ەوە دەستپێدەکات.

پێشتر حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردابێت و گران ببن، بەڵام لەبەر تووڕەیی شەقام و دروستنەکردنی بارگرانی بۆ کەسانی کەم دەرامەت و داهات سنووردار، بڕیاردرا نرخی بەنزینی نۆڕماڵ وەک خۆی بمێنێتەوە کە ٤٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک.

ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، نرخی بەنزینی نۆڕماڵ لە نێوان ٦٩٠ دینار بۆ ٨٠٠ دیناردایە، و بەنزینی محسن لە نێوان ٩٥٠ بۆ ١٠٠٠ دیناردایە، و بەنزینی سوپەر ١١٥٠ دینارە.


PM:10:51:30/04/2024