"٧٠%ی ڕۆژنامەنووسانی بواری ژینگە رووبەڕووی هەڕەشە و پەلاماردان دەبنەوە"

ڕێکخراوی پەروەردە و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ڕایدەگەیەنێت" ٧٠%ی ڕۆژنامەنووسانی ئارەزوومەند لە پرسەکانی ژینگە و کەشوهەوا لە ١٢٩ وڵاتدا ڕووبەڕووی هەڕەشە، فشار، یان هێرش بوونەتەوە". 

رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)، ئەمڕۆ هەینی لە راپۆرتێکیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە بە ناونیشانی (ڕۆژنامەگەری لە مەترسیدایە) ڕایگەیاند" ڕاپرسییەکیان ئەنجامداوە کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ٩٠٥ ڕۆژنامەنووسیان لە خۆگرتووە و لەنێویاندا لە هەر پێنج ڕۆژنامەنووسێک دوانیان ڕایانگەیاندووە کە ئەوان بەرکەوتەی توندوتیژی جەستەی بوونەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٧٠%ی ڕۆژنامەنووسانی پەیوەندیدار ئاشکرایان کردووە کە تووشی هەڕەشە یان فشاری دەروونی بوون، ٦٠% بوونەتە قوربانی هەراسانکردنی ئۆنلاین، ٤١%ی ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی بوونەتەوە، ٢٤%یش ڕایانگەیاندووە کە کەوتوونەتە بەر لێپێچینەوەی یاسایی.

لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، یونسکۆ ئاشکراشیکردووە، کە لانیکەم ٧٤٩ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن کە مامەڵە لەگەڵ پرسە ژینگەییەکان دەکەن" ڕووبەڕووی کوشتن، توندوتیژی جەستەیی، دەستگیرکردن، هەراسانکردنی ئەلکترۆنی، یان لێپێچینەوەی یاسایی بوونەتەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢٣". 

یونسکۆ ئاماژە بەوە دەکات، لە ١٥ ساڵی رابردوودا لانیکەم ٤٤ رۆژنامەنووس کە کاریان لەسەر ژینگە کردووە کوژراون. 

ڕاشیگەیاندووە" نزیکەی نیوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون ٤٥%ی ئاماژەیان بەوەکردووە کە لە کاتی کارکردندا خۆیان سانسۆر دەکەن لەسەر بوارەکانی ژینگە و کەشوهەوا وایان بە باش زانیوە دەررنەکەون، ئەوەش بەهۆی کە ترسیان هەبووە هێرشیان بکرێتەسەر". 


PM:04:23:03/05/2024