لە ئاگرەکەی هەولێردا ٣٧٢ دوکان سوتان


قائیمقامی هەولێر رایگەیاند لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی لە بازاڕی قەیسەری هەولێر ٣٧٢ دوکان سووتان.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی شاری هەولێر  لە بارەی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەری هەولێر رایگەیاند" "بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی ٣٧٢ دووکان سووتاون، بەڵام ئەوە ژمارەی کۆتایی نییە."

ئەمڕۆ نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ راگەیاندنی زیانە مادیەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە شەش کەسیش بریندار بوون.
قائیقمامی هەولێر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوو لیژنە بۆ دیاریکردنی زیانە ماددییەکان و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە پێکهێندراون. 
 
 
" ئێستا مەترسی نەماوە ئاگر دروست ببێتەوە و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە، ( نەبەز عەبدولحەمید ئاماژی بۆ کرد).
ئەو وتیشی " ئێستا هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دیارنییە." 

شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕێکی گەورەی شاری هەولێر لە دوای کاتژمێر ٨ دا کەوتەوەو، بەمەش بووە پێنجەم ئاگری گەورە کە لەم وەرزەدا لە بازاڕەکانی ئەو شارە کەوتۆتەوەو تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان نەکردووە کە هۆکارەکانی چییەو لە هەموو جارێکدا دەیگەڕێننەوە بۆ " شۆرتی کارەبا ".

ئەم ئاگر کەوتنەوە زۆرە لە شاری هەولێر بۆتە جێگای گومان لەلایەن زۆرێک لە دووکانداران و رای گشتی خەڵکی کوردستانەوە. 



PM:01:28:06/05/2024