یەکێتی داوا لەسەر سکاڵایەکی مەسرور بارزانی تۆمار دەکات


لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راگرتنی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوایەکی مەسرور بارزانی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەنای بردەوە بەر دادگای فیدراڵی و وەک دەڵێن " بۆ رێگریكردن لە هەوڵەكانی پارتی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان، یەكێتی لەدژی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، داوایەك ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی دەكات".

میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە "دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە دادگای فدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار كرد، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی لیستی یەكێتی لە هەولێر، داوایەكی ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی دادگای باڵای فیداڵی كردووە، لەبەرژەوەندی كۆمیسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژادن لە وادەی خۆیدا".

"لە داواكەی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵدا ئەوە روونكراوەتەوە كە پێشكەشكردنی داواكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێچەوانەی دەقی ماددەی (19/دووەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە 31ی ساڵی 2019ی هەمواركراوە كە تێیدا هاتووە: (لە بابەتەكانی پەیوەست بە كاروباری هەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، ، نابێت لە هیچ شوێنێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بدرێت). یەکێتی ئاماژەی بۆ دەکات).

لە راگەیاندنەکەی یەکێتیدا هاتووشە" كاتی تۆماركردنی داواكە پێچەوانەی دەقی ماددەی (23)ی پەیڕوی ناوخۆی دادگایە كە تیایدا هاتووە: (دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە دیاری كردنی رۆژی هەڵبژاردن، ناتوانرێت تانە لە هیچ یاسایەكی هەڵبژاردن یان دەقێكی هەڵبژاردن بدرێت، داواكەی بارزانیش لە كاتێكدایە تەنها یەك مانگ ماوە بۆ رۆژی هەڵبژاردن كە بە مەرسومێكی هەرێمی دیاریكراوە، جگە لەوەش رێكارەكارەكانی كۆمیسیۆن و پەیڕەوەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن پشتیان بە یاسای هەڵبژاردنەكانی كارپێكراوی هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 83 و هاوتاكانی لە 131 و 185/ فیدراڵی/ 2023 بەستووە".

لە بارەی راگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنەوە، یەکێتی دەڵێت" راگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمیسیۆن لەم كاتە هەستیارەدا كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و كۆمیسیۆن گرێبەستەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەی تەواو كردووە، لەوانە چاپكردنی فۆرمەكانی دەنگدان و گرێبەستی پرۆگرامی ئامێرەكانی دەنگدان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شەڵەژان بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن دروست دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە هەوڵ و ماندووبوونەكانی حزب و كاندیدەكان بەفیڕۆ دەكات، جگە لەو زیانانەی بە گەڵی كوردستان دەكەون لە پێكنەهێنانی حكومەتێكی هەڵبژاێردراو".

ئەمڕۆ سێ شەممە لەسەر داوایەکی یاسایی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچوو دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە راگرت.



PM:05:18:07/05/2024