شارەزایەکی کەشناسی: هەفتەی داهاتوو تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە

لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژانی ئایندە شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما تا ٣٨ پلە بەرزدەبنەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند" سبەینێ ھەینی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٤ لە ئەنجامی کاریگەری سەرەتایی نزمەپاڵەپەستۆی خەماسینی باکوری ئەفریقا کە بارستە ھەوایەکی گەرمی لەگەڵدایە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، ئاسمانی ناوچەکەش بە زۆری ساماڵ دەبێت لەگەڵ ھاتنی پەڵە ھەوری تەنک و بەرزی (Cirrus) ، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی شەممە ١١ی مانگ  کاریگەری ئەو بارستەھەوا گەرمە لەسەر ناوچەکانمان زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە سبەی ٤ تا ٥ پلەی دیکە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەولێر و دھۆک بەرزترین پلەی گەرمی تا نێوان ٣٠ بۆ ٣٢ پلە بەرزدەبێتەوە، لە پارێزگای کەرکووک تا ٣٤ پلە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بە جیاوازی شوێنەکان ٣٥ تا ٣٨ پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت .

ئاراس جەبار دەشڵێت"  ھەفتەی ئایندە لە ڕۆژی یەکشەمەوە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤  لە ئەنجامی ھاتنی بارستەھەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری ئەو بارستە ھەوا گەرمە کەمدەبێتەوە، تاوە باران و ھەورەبروسکەش لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەستپێدەکاتەوە، بۆ ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبێنێت لەگەڵ بەردەوامی دۆخی لاوازی ناجێگیری کەشوھەوا، ھەورەبروسکە و نمەباران لە شوێن و کاتی جیاجیادا چالاک دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکان ھەندێک کات تاوە بارانی بەخوڕیش دەبارێت و تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوامی دەبێت".

 


PM:12:12:09/05/2024