پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات". 

کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران برگەیەک بۆ کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ زیاد کرا، ئەمرۆ بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری مادەی (٧) ی یاسای کۆمیسیۆن بکرێت". 

دەشڵێت" بەپێی هەموارەکە تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران درێژ دەکاتەوە بۆ شەش مانگی تر، ئامانج لە هەموارەکە بۆ ئەوەی گرەنتی یاسایی ئەوە بکرێ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێ سەرپەرەشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات". 

بە وتەی کاروان یاروەیس، مەرجی سەرکردە شیعیەکان بۆ نێچیرڤان بارزانی ئەوەبوو، هەڵبژاردن دوابخرێت بەو مەرجەی کۆمیسیۆنی عێراق ئەنجامی بدات، هەروەها یەکێک لە گرفتەکانی پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە لە جیاتی کۆمیسیۆنی عێراق لە ناوخۆی هەرێمەوە سەرپەرەشتی هەڵبژاردن بکرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ تێپەراندنی ئەم هەموارە و پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەبێ ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبکاتەوە.


PM:04:58:09/05/2024