وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەلەل دەکات لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانداو هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێج شەممە بڵاویکردەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دووەمی بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن".
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێكردن تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان راپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاریبكرێت.
وەزیری شارەوانی وتوویەتی " ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەستنەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابینبکەن".
مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکات.