ئایا شاجوانی كوردستان حكومەت و میدیاكانی هەڵخەڵەتاندووه؟

NRT2

شێنێ‌ عەزیز ئاكۆ، یەكەم شاجوانی كوردستان كە پێش چوار مانگ پرۆپاگەندەی ئەوەی دەكرد لەپێشبڕكێی شاجوانی جیهان وەرگیراوە و لەچاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكان ئەمەی بۆ خۆی و بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەسكەوت لە قەڵەم دەدا. بەهۆی ئەمەشەوە هەم راگەیاندنەكان هەم هەندێك لایەنی حكومەتیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو، لەوبارەیەشەوە لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە چەندین ئامادەكاری بۆ كرا و پشتگیری مادیش كرا، بەڵام نە ناوی شێنێ‌ نە ناوی كوردستان لەنێو ئەو پێشبڕكێیەدا نەبوو.

رۆژی 14/11/2014 پێشبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی جیهان بۆ ساڵی 2014 لە لەندەن بەڕێوەچوو، كە 124 شاجوان لە 124 وڵاتی دنیا بەشداریان تێدا كرد و كچێكی بەلجیكی تەمەن 22 ساڵ، بەناوی (ئەنیسا بلۆندین) وەكو شاجوانی جیهان دیاری كرا، كە درێژی باڵاكەی 178 سم بوو و لەلایەن شاجوانی جیهان بۆ ساڵی 2013 (میگان یونگ) تەمەن 23 ساڵ، تاجی شاجوانی لەسەر دانرا.

شێنێ‌ ئاكۆ، شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2012 پێش چوار مانگ ئاهەنگێكی لەهۆتێل رۆتانا ئەنجامدا بەبۆنەی وەرگیرانی لە پێشبڕكێی ئەمساڵی شاجوانی جیهان، كە وەكو خۆی رایگەیاند، ئەو لەلایەن لێژنەی دادوەری ئەم فیستیڤاڵە قبوڵكراوە كە بەناوی كوردستانەوە بەشداری لەم فیستیڤاڵەدا بكات، بەڵام دوای كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵەكە وێپ سایتی فیستیڤاڵی شاجوانی جیهان ناوی كچە بەشداربووەكان و وڵاتانی بەشداربوو بڵاوكردەوە و ناوی شێنێ‌ و ناوی كوردستان و تەنانەت عێراق لەم پێشبڕكێیەدا نەبوو.

یەكێك لە ئامادەكارییەكانی شێنێ‌ كە لەكوردستان ئەنجامیدا بە پاڵپشتی حكومەت بڕیتی بوو لەدروستكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیان خۆی و دیمەنی كوردستان، كە ئەمەش بۆ فیستیڤاڵی شاجوانی جیهان ئامادەی كردبوو، بە قسەی خۆی هەر شاجوانێك دەبێت فیلمێكی ئەم جۆرە بكات.

هەروەها بەدرێژایی لەم ماوەیەدا شێنێ‌ شریتی شاجوانی جیهانی (miss world) بەكارهێنا بۆ هەموو شوێنەكان بەم شریتی (شاجوانی جیهان) بەشداری دەكرد و تەنانەت لەسەر وێنەكانی لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەكارهێناوە.

لەچاوپێَكەوتنێكی پێشووی شێنێ‌ ئاكۆ كە تەنیا لەبەر بەشداریكردنی لەپێشبڕكێی شاجوانی جیهان ئەم چاوپێكەوتنە ئەنجامدرا و گوتی "گەیشتنمان بۆ بەشداریكردن لەشاجوانی جیهان یەكێك بوو لەخەونەكانم ‌و هەر لەگەڵ بوونم بەشاجوانی كوردستان هەوڵم بۆ داوە، بۆیە دوای هەوڵدان ‌و ماندوبوونێكی زۆر، توانیمان وەك (شاجوانی كوردستان 2012-2013) بەشداری بكەین لەشاجوانی جیهان 2014، هەرچەندە لەسەرەتادا دەبوایە وەك (شاجوانی عێراق) بەشداری بكەین، بەڵام دوای قسەكردنێكی زۆر لەگەڵیان، وەك (كوردستان) قبوڵكراین". هەروەها گوتیشی "بەشداریكردنمان بەناوی كوردستان هەنگاوی یەكەمی سەركەوتنە ‌و ئەگەریش بتوانین نازناوەكە بەدەست بهێنین دووەمین سەركەوتن تۆمار دەكەین، كە ئەمساڵ لەمانگی (11 یاخود 12)ـی لەوڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت‌و ئێمەش مانگێك پێش ئەوكاتە دەڕۆین بۆ شاری لەندەن".

بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەرۆژی بەڕێوەچوونی دیاریكردنی شاجوانی جیهان، شێنێ‌ لەهەولێر بووە نەك لەندەن.
لەوبارەیەوە چەند جارێك هەوڵدرا قسەی شێنێ‌ ئاكۆ وەربگرێت و لەراپۆرتێكی ئەم جۆرەش ئاگادار كرایەوە، بەڵام ناوبراو هیچ وەڵامێكی نەبوو.

سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حكومەتی كوردستان راگەیاند "بەهیچ شێوەیەك ئێمە وەكو دەستەی گشتی گەشتوگوزار هاوكاری مادی (شێنێ)ـمان نەكردووە لەسەر ئەوەی كە گوایە دەچێتە شاجوانی جیهان، ئەو هات بۆلای ئێمە داوای پشتگیری كرد، ئێمەش تەنیا نووسراوێكمان بۆكرد كە ئەوە شاجوانی 2012ی كوردستانە، بۆیە ئێمە وەكو دەستەی گشتی گەشتوگوزار تەنانەت ئامادەی ئەو ئاهەنگەش نەبووین كە شێنێ‌ ئەنجامدا لەهۆتێل رۆتانا". هەروەها سیروان تۆفیق ئەوەشی راگەیاند "هەر شاجوانێك لەماوەی شاجوانییەكەیدا گرێبەستێكی لەگەڵ ئێمە دەبێت كە دەبێ‌ چی بكات و چی نەكات، حەقی چییە و ئەركی چییە، بەڵام كە ماوەی شاجوانی تەواوبوو ئیتر ئێمە بەرپرسیار نابین ئەو چی دەكات و چی دەڵێت".

هەروەها تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكیدا گوتی "ئێمە هاوكاری شێنێمان نەكردووە و ئیشی ئێمە نییە هاوكاری كارێكی ئەمجۆرە بكەین، هەروەها بەڵگەش لەبەردەستدا نییە كە بیسەلمێنێت ئێمە هاوكاری ئەومان كردبێت".

لەوبارەیەوە مافپەروەر حوسامەدین سەرداری لەلێدوانێكیدا ووتی ئەم كارەی شێنێ‌ بە سەرپێچی وەسف دەكات و دەڵێت "ئەگەر شێنێ‌ لۆگۆ حكومەتی كوردستانی بەكارهێناوە بەبێ‌ مۆڵەت ئەوە سەرپێچییە، یان ئەگەر مۆڵەتی وەرگتبێ‌ لە حكومەت بەڵام زانیاری هەڵەی داوەتەوە حكومەت راستكۆ نەبووبێت ئەوەش جۆرە تاوانێكی دیكەیە، بەڵام هیچیان سزای زایندانی لەگەڵدا نییە، هەروەها ئەگەر لۆگۆی شاجوانی جیهانی بەكارهێنابێ‌ بە درۆ ئەوكاتە ئەوانیش دەتوانن داوا یاسایی تۆمار بكەن، بەڵام ئەگەر داواكاری لەسەر نەنووسێ‌ كەس ناتوانێ‌ لەسەر ئەو كارە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات". ئەو مافپەروەرە گوتیشی "پێویستە وەزارەتی گەشتوگوزار و نوێنەری حكومەت لەوڵاتەكان بەم كارانە ئاگادار بن و لەدروستی و نادروستی كارێكی ئاوا حكومەتی لێ‌ ئاگادار بكەنەوە".








PM:01:43:30/11/2014