حەمە سەعید حەسەن وەڵامی یەكێتی زانایان دەداتەوە

پاش ئەوەی یەكێتی زانایانی كوردستان بڕیاریدا سكاڵایەكی یاسایی لەسەر نوسەر‌ حەمە سەعید حەسەن تۆمار بكات، ناوبراو وەڵامێك بۆ یەكێتی زانایان دەنوسێت.

لەو پەیامەدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە حەمە سەعید حەسەن دەڵێت:  من هیچ کێشەیەکیشم لەگەڵ سرووت و بۆنە و جەژنە ئایینیەکاندا نییە کە لەمێژە وەک بەشێک لە کولتووریان لێ‌هاتووە، بەڵام جێی داخە، ئیسلامیی سیاسی هەوڵ دەدات، بەد سوودیان لێ وەربگرێت

دەقی نوسراوەكە:


بۆ یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

سەڵاو

بە قەولی ئێوە، من لە پۆستێکمدا سووکایەتیم بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو تۆمەتێکی بێ بنەمایە وەپاڵتان داوم، ئاخر من تەنیا وەک مافێکی ڕەوای خۆم داوام کردووە، ئەوی حەزی لێیە ڕیکلام بۆ ئایینێک یان حیزبێک بکات، با لای خۆیەوە بیکات، نەک لای منەوە.

من نە نیازی ئەوەم هەبووە، هەستی خەڵک بریندار بکەم، نە سووکایەتیشم بە پیرۆزییەکانی خەڵک کردووە، بەڵام ناوبەناو قسەم لەسەر ئیسلامیی سیاسی و جەهلی بە پیرۆزکراو کردووە. هیچ کێشەیەکیشم لەگەڵ سرووت و بۆنە و جەژنە ئایینیەکاندا نییە کە لەمێژە وەک بەشێک لە کولتووریان لێ‌هاتووە، بەڵام جێی داخە، ئیسلامیی سیاسی هەوڵ دەدات، بەد سوودیان لێ وەربگرێت.

ئەگەر هەر بڕیارە داوا تۆمار بکەن، تکایە ئەو کارە لەگەڵ کەسێکدا بکەن، سوودی لێ ببینێت، ئاخر من نە نووسەرێکی گومناوم، تا پێی ناسراو ببم، نە پێویستیشم بەوەیە وەک پەنابەر لە ولاتێکی ئەورووپایی وەربگیرێم.

لەگەڵ ڕێزمدا

حەمەسەعید حەسەن

ستۆکهۆڵم



PM:04:30:04/01/2015