برایەکی شڤان پەروەر لەسەر لیستی حیزبەکەی ئۆردغان خۆی هەڵدەبژێرێت

مییدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە برا بچوکەکەی هونەرمەندی ناسراوی کورد شڤان پەروەر لەسەر لیستی دادو گەشەپێدانی تەیب ئوردغان لەشاری روحا ( ئورفە ) خۆی کاندید دەکات.

محەمەد پەروەر کە برا بچوکەکەی شڤان پەروەرە لە دەرەوەی وڵات دەژی و میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە سەر لیستەکەی تەیب ئۆردغان لە شاری روحا بۆ پەرلەمانی تورکیا خۆی کاندید دەکات.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بە درێژایی ٣٠ ساڵ نەیانهێشت شڤان پەروەر بگەڕێتەوە بۆ خاکی تورکیا، بەڵام ساڵی پار ئەو رێگریەی لەسەر هەڵگیراو تا ڕادەیەکی باشیش لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکانی تورکیادا پارتی دادو گەشەی حوکمڕان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا سوودیان لە شڤان پەروەر وەرگرت کاتێک وێنەکەیان بەتەنیشت ئۆردوغانەوە هەڵواسی، ئەمە جگە لەوەی سوودیشیان لە پەروەرو بارزانی کرد کاتێک لەگەڵ تەیب ئۆردوغان بەشداری کۆبوونەوەیەکی جەماوەریان کرد لە باکوری کوردستان پێش ئەو هەڵبژاردنە.

هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان، ململانێیەکی توند لەنێوان پارتی دادو گەشەو بەدەپە( پارتە کوردییەکەدا) هەبوو لەسەر سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە، بەدەپە ناچار بوو کەسایەتیەکی بەهێزی وەک عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانی ئامەد کاندید بکات بۆ سەرۆک شارەوانی روحا، بەڵام بەکاندیدکردنی ئەویشەوە هەر نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر پاڵێوراوی دادو گەشەدا لەو شارە. 



AM:10:10:11/02/2015