"ھێرۆخان بە ناوی یەکێتی و مەلا بەختیارەوە داوای لێبوردنی کرد"

‌هێرۆ ئیبراهیم
كاردانەوەكان بەرامبەر بە وتەكانی مەلا بەختیار بەردەوامە‌و ئەمرۆش شاندێكی باڵای یەكێتی زانایانی ئیسلامی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوە.

شاندەكەی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كە پێکھاتبون لەسەرۆک و ئەندامانی رێکخراوەکە سەردانی بارەگای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی-یان کرد كە تایبەت بوو بە گەیاندنی ناڕەزایی و نیگەرانی زانایانی ئاینی بوو لە کۆنفڕانس و وتارێکی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی کە ھەفتەی پێشوو لەسلێمانی بەڕێوە چوو.

جەعفەر گوانی وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان وتی: "دوای گفتوگۆ و قسەکردنێکی زۆر لەگەڵ مەلا بەختیار، بە روون و ئاشکرا ئەوەمان پێ گەیاند کە نیگەران و توڕەین لەو وتارەی لە کۆنفڕاسەکەدا پێشکەشی کرد. چونکە ئێمە پێمان ئاساییە لە کاتی ململانێ و کێشەی سیاسیدا رەخنەتان لە ھەندێک رەوتی سیاسی و بیروبۆچوونی کەسێک ھەبێت، بەڵام پەنا بە خوا و قورئان و قسەوتن لەو بارەیەوە جێگەی قبوڵکردن نییە و نیگەرانی ھەموو لایەکی بەدوای خۆیدا ھێناوە".

بەوتەی بەرپرسەکەی زانایانی ئاینی لە بەرامبەردا مەلا بەختیار بە شاندەکەی راگەیاندووە کە لە ئێستاوە دەستبردن بۆ خوا و قورئان و پێغەمبەر دەبێتە ھێڵی سور لەلایان و ئەوە دەکەنە بەرنامەی خۆیان، بە پێچەوانەوە ئامادەن بۆ روبەڕوبونەوەی ھەر رێوشوێنێک کە بەرامبەریان بگیرێتە بەر".

لە بارەی ئەنجامی کۆبونەوەی دووەمیان لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، گوانی وتی: "ھێرۆخان بە ناوی یەکێتی و مەلا بەختیارەوە داوای لێبوردنی کرد و ئاماژەی کرد بەوەی ئەو جۆرە کارانە خزمەت بە کەس ناکات و ھەوڵ دەدەن دووبارە نەبێتەوە".

ئەو نیگەرانییەی زانایانی ئاینی ئیسلامی دوای ئەو کۆنفڕاسە دێت کە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لە دامەزراندنی رێکخراوی دابڕان بەرەو رۆشنگەری ھاوچەرخ بە دروشمی" ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ ھەمووان" کە لە سلێمانی سازی کردبوو ، تێدا مەلا بەختیار وتارێکی پێشکەش کرد.

زانایانی ئاینی و لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن کۆنفڕاسەکە باسی ئاینی ئیسلامی کردووە و سووکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان کردووە.



PM:03:16:01/04/2015