"پەكەكە ئاگادار دەكرێتەوە كە چیتر دەست لەكاروباری هەرێم وەرنەدات"

لەكۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ بارزانی پێشنیاركراوە هەر لایەنەو لای خۆی پەكەكە ئاگادار بكەنەوە كە چیتر دەست لەكاروباری هەرێمی كوردستان وەرنەدات.

لەمبارەوە (بەڵێن عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی کوردستان باسی شنگال و، لێدوانەکەی ئەم دواییەی (کاڵکان) کرا؛ بڕیارە پارتە سیاسییەکان پەکەکە ئاگادار بکەنەوە کە چیتر دەست وەرنەدەنە کاروباری ھەرێمی کوردستان، ڕەنگە ئەم ئاگادارکردنەوەیشە لە ڕێگەی لایەنێکی سیاسییەوە بکرێت."

وتیشی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش ئەو پێشنیارەی پێ باش بوو کە لایەنە سیاسییەکان خۆیان پەیوەندی بە پەکەکەوە بکەن و، هەر لایەنێک و، لە ئاست خۆیەوە ئاگاداریان بکاتەوە؛ خۆی پێشتر باس لەوە دەکرا کە حکوومەت ئەو کارە بکات."
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، هەموو لایەنەکان وایان پێ باشە قسەیان لەگەڵدا بکەین و، تێیان‌بگەیێنین کە ڕازی نابین دەست لە کاروباری ھەرێمی کوردستان وەربدەن، ئاخر سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمانمان ھەیە.



PM:04:12:24/04/2015