"فەرمون بەڵگەكانتان بخەنەڕوو کەرێگام نەداوە بەپەرلەمانتارێک قسە بکات"

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەتیدەكاتەوە، ڕێگەی نەدابێت لەهوڵی پەرلەمان بەیاننامە لەبارەی تاوانی دژ بەئەرمەنەكان بخوێنرێتەوە، دەشڵێت، ئەوانەی ئەو پڕوپاگەندانە دەكەن، بابەڵگەكانیان بخەنەڕوو. 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئارام شێخ محمەد لەڕونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەندێك لەپێگە ڕۆژنامەوانییەكان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە، گوایە ئارام شێخ محەمەد ڕێگەی لەپەرلەمانتارێكی عێراق گرتبێت، بەیاننامەیەك لەبارەی تاوانی دژ بەئەرمەنیەكان بخوێنێتەوە. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەشڵێت، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بەپێویستمان نەزانی وەڵامی ئەو پڕوپاگەندانە بدەینەوە، كە سەرچاوەو ئامانجەكەی ڕوونە، بەڵام دوای ئەوەی لەمەولاولەولا هەندێك كەس، بەناوی بەرگریكردن لەمافەكانی مرۆڤ قسەیان لەسەر ئەو پرسەكرد، بەگرنگمان زانی خەڵكی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی لەوە ئاگادار بكەینەوە، كە وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ خوێندنەوەی بەیاننامە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بەڕەزامەندی دەستەی سەرۆكایەتیە، كە لەسەرۆك و دوو جێگر پێكدێت، ئەوە جگە لەوەی ئەو پەرلەمانتارە كاتێك هاتووە بۆ لای ئێمە ڕەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی وەرنەگرتوە، بەڵام بێئەوەی ئەو كارەبكات، لەهەندێك لەڕاگەیاندنەوەكانەوە ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە ئێمە ڕێگریمان لێكردووە.

ئارامی شێخ محەمەد دەڵێت" ئێمە لەكاتێكدا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەكەینەوە، دواش لەو بەرێزەو هەموو ئەوانەش دەكەین كە بێئاگایەنە تۆمەتی ناڕەوامان دەخەنە پال، بابەڵگەكانیان بخەنە ڕوو، ئەوسا ئێمە لەبەردەم خەڵكی كوردستان، ملمان لەموو باریكترە". 




PM:09:32:27/04/2015