رابەری بزوتنەوە: ئامادەین دەستبەرداری كورسییەكانمان بین

‌عیرفان عەبدولعەزیز
ئەمرۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لە هەڵەبجە رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی راگەیاند لەپێناو ئەوەی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە زوو پێك بهێندرێت بزوتنەوەی ئامادەیە دەستبەرداری كورسییەكانی بێت.

لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسیدا كە پارێزگاری هەڵەبجە تێیدا بەشداربوو، عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان باسی حکومەتی خۆجێی ھەڵەبجەی کردو ڕایگەیاند، ئەوان وەکو بزوتنەوە ئامادەن دەستبەرداری پۆستەکانیان بن لەپێناو زوو پێکھێنانی حکومەتەکەدا.

ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، بەو بودجەیەی بڕیارە بۆ ھەڵەبجە تەرخان بکرێت، نە پارێزگار سەرکەوتوو دەبێت و نە ھەڵەبجەش دەبوژێتەوە.

لەو ڕووەشەوە پێشنیازیکرد، فشار بخرێتەسەر بەغداو وڵاتانی ئەوروپاش، بۆ ئەوەی قەرەبووی ھەڵەبجە بکرێتەوەو فشاری جدیش بخرێتەسەر ھەولێر بۆ ئەوەی بودجەی ھەڵەبجە زیاد بکات.



PM:03:01:14/05/2015