بەغدادی داوا لەپەنابەران لە کوردستان دەکات بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان

ئەبو بوکری بەغدادی خەلیفەی داعش لەدوا تۆماری دەنگیدا دەڵێت" دینی ئیسلام دینی سەلام نییە، بەڵکو دینی جەنگە"، هاوکات داوا لەو پەنابەرانە دەکات کە هەڵهاتوون بۆ ناوچەکانی کوردستان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەو کورد بەبێ دین ناوزەد دەکات.

هەرچەندە زیاتر لە سێ مانگە هەندێک میدیای عێراقی و ناوچەیی و جیهانی بڵاویان کردەوە کە ئەبوبەکری بەغدادی بەسەختی برینداربووە، بەڵام دوێنێ تۆمارێکی ٣٠ خولەکی ناوبراو لە پەیجەکانی داعشەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکرایەوەو هەڕەشەی ئەوەی کرد کە جەنگی زیاتر لەناوچەکەدا بەرپابکات. 

بەغدادی لە وتارەکەیدا دەڵێت" ئەو شەڕەیی داعش دەیکات، شەری هەموو موسڵـمانێکە لەهەر شوێنێکن و داعشیش سەرە رمی ئەو جەنگەیە دژی کوفرو رووبکەنە شەڕو ئەوە ئەرکە لەسەر هەموو موسڵمانێکە".

بەغدادی دەڵێت" پێغەمبەر شیری وەک رەحمەتێک بۆ ناردن..شیر نێردرا بۆ سەربڕین.. ئەگەر بە ئایەتێک واجب بێت لەسەرتان رۆژو بگرن، ئەوا بەدەیان ئایەت داوای جیهادی لێکردوون".

بەغدادی هێرشێکی توند دەکاتە سەر سعودیەو دەڵێت" بەرپرسانی سعودیە ئەهلی کەیف و سەفان، نەک ئەهلی جەنگ"، ناوی " رەشابی حەزمی سعودیەی، بە رەشەبای وەهم ناوبرد".



AM:10:14:15/05/2015