وێنە.. ژمارەیەك ئامێری قۆپیەكردنی قوتابیان دەستی سەردا گیرا

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەزموونە گشتییەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی دوانزەیەمی ئامادەیی و تاقیكردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، توانرا دەست بەسەر كۆمەڵێك ئامێردا بگیردرێت كە بۆ قۆپیەكردن بەكار دەهێنران.
 
راگەیەنراوەكە دەنوسێت: سەرەڕای  هەوڵەكانی وەزارەت، دیاردەی قۆپیەكردن بە رێگەی جیاواز لە چەندین ساڵی رابردووەوە تا ئێستایش درێژەی هەیە و لە تاقیكردنەوەكاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی نمرە پەنا بۆ ئەم كارە نەشیاوە دەبرێت. ئەم دیاردەیە لەكەیەكی گەورە لە ڕەهەندی زانستی و پەروەردەیی دەدات و ناهاوسەنگی دروست دەكات لە بنیادتنانەوەی كۆمەڵگە و دروستكردنی تاكی تەندروست و ئۆمێدبەخۆبوو لە پێشكەوتنی نیشتمانەكەماندا.

هەروەها تێیدا هاتووە، "هەر بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەمساڵ جگە لە دەركردنی چەندین ڕێنمایی تایبەت بۆ چاودێریكردنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی  پەیوەندیدار بە وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ئاگادار كراونەتەوە تا بە هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاساییش، ڕێوشوێنی باشتر و توندتر بگیردرێتە بەر لە پێناو بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندكاران. سوپاسگوزارانە، بە هەوڵی مامۆستایانی چاودێر و بەڕێوەبەرانی خۆشەویست و هێزەكان و هاووڵاتیانی خەمخۆر، توانرا زۆرێك لەوانەی كە هەوڵی قۆپیەكردن دەدەن و ئەوانەیش كە هاوكار و هاودەستیان بوون، بخرێنە بەر لێكۆڵینەوەی یاسایی توند و لەگەڵ دەركەوتنی دەرەنجامەكان ئەوانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و هاوكاریی قۆپیەكەران بوون، توندترین سزا دەدرێن و لە سنووری وەزارەتی پەروەردەیش دوور دەخرێنەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە پەنایان بۆ قۆپیەكردن بردبێت، سەرجەم وانەكانیان بە كەوتوو بۆ هەژمار دەكرێت".

ئەوەیش خراوەتە ڕوو، "بۆیە سەرجەم قوتابیان و خوێندكاران و خانەوادە بەڕێزەكانیان،دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەسەر بنبڕكردنی ئەم دیاردە ناشارستانییە و ناهێڵین هیچ كەس بێ ماندووبوون و وەرگرتنی زانست و زانیاری و بە قۆپیە،‌ شەونخونی و ماندووبوونی قوتابی و خوێندكارانی دەرسخوێن و خەخمۆر بۆ فێربوون، بە فیڕۆ بدات".

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، "سوپاسی خۆمان ئاراستەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاساییش دەكەین كە ڕێگر بوون لە بوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو و سوپاسی سەرجەم ئەو دڵسۆزانە دەكەین كە لە ‌ڕێگەی جیاوازەوە زانیاریی پێویستیان بە مەبەستی  كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردە نەشیاوە ئاڕاستە كردووین و بە هەوڵی ئەو بەڕێزانە نەبووایە، ئاسان نەبوو دەست بگیردرێت بەسەر ئەو ئامێرانەی كە بۆ قۆپیە بە كار دەهێنران".





PM:01:48:18/06/2015