مەسرور بارزانی داوا دەكات پەکەکە قەندیل چۆڵبکات

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێ قەندیل چۆڵبکەن ، چونکە ئەوە خاکی عێراقە. ئاماژە بەوەش دەكات ئەو هێزانەی یەپەگە كە لە شنگالن دەبێ دوای داعش  ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانەی چاوێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر سەبارەت بە هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە، دەڵێت: "پەکەکە دەبێ قەندیل چۆڵبکات ،چونکە ئەوە خاکی عێراقە و یەکێکش لەو هۆکارانەی کە دەمانەوێ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێ بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە و دەمانەوێ بە ئاشتی چارەسەر بکرێ".

لەبارەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە قەندیل و شنگال هەروەها شەرڤانانی یەپەگە لە چیای شنگال، بارزانی رایگەیاند" ئەوان میوانن، هەروەک چۆن هێزی پێشمەرگە بۆ هاوکاری شەڕڤانان چوونە کۆبانێ و گەڕانەوە، ئەوانیش دەبێت بگەڕێنەوە".

لەسەر مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەو هەڵوێستەی چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پارتی بە "یارییەکی ناشرین" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبەکەی هەمیشە لەگەڵ سازانە و زۆرینەش بووبێ  هەر بەسازان مامەڵەی لەگەڵ پرسەکان کردووە.

مەسرور بارزانی دەڵێت:" بەداخەوە رکابەرەکانی پارتی هەر کاتێک تەنیا دەرفەتێک دەبینن بۆ لێدانی پارتی، ئەوا سازانی نیشتیمانیان بیردەچێتەوە".



PM:01:44:04/07/2015