ئاژانسی پاراستن: ئەگەر سۆران عومەر پاشگەز نەبێتەوە پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان دەبەین

ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان  لە روونكردنەوەیەك  سەبارەت بە لێدوانی پەرلەمانتار سۆران عومەر رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەم پەرلەمانتارە لە تۆمەتبەخشینەوەكانی پاشگەز نەبێتەوە و بەردەوام بێت لە لەكەداركردنی دەزگە ئەمنییەكان ئەوە ناچار دەبین بۆ دەركەوتنی ڕاستییەكان پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان ببەین و یاساش لە سەرووی هەموو کەس و لایەنێکە.

پێشتر سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە كە ئاژانسی پاراستن پلانێكی مەترسیداری بۆ یەكێتی، گۆڕان‌و یەگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی هەیە. زیاتر بخوێنەرەوە


دەقی روونكردنەوەكەی ئاژانسی پاراستن:

 سۆران عومەر ئەندام پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی لە نووسینێكی خۆی كە لە چەند دەزگەیەكی ڕاگەیاندنیشدا بڵاوكراوەتەوە كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی ئاژانسی پاراستن و دەزگە ئەمنییەكانی هەرێم كردووە. ئەو دەزگەیانەی شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە كوردستانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە و شەهید و قوربانی لەو پێناوە داوە.

جێگەی سەرسووڕمانە ئەندام پەرلەمانێك دەزگەیەكی فەرمیی حكوومەتی هەرێم بە مەترسیدار بزانێت و بڕیاری ناڕەوا و پێشوەختەی لەسەر بدات. لەوەیش سەیرتر ئەوەیە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئاگاداری پیلانە. پرسیار ئەوەیە چۆن ئاگادارە و كێ ئاگاداری كردووەتەوە؟ لە كوێوە ئەم تۆمەتە هەڵبەستراوانەی هێناون؟ ئایا تێوەگلاندنی ناوی دەزگا ئەمنییەکان بە کێشە سیاسییەکان خزمەت بە کێ دەکات و لە بەرژەوەندیی ئەجندای سیاسی کام لایەندایە؟.

خەڵكی شەرەفمەندی كوردستان زۆر باش دەزانن كە قسەی بێبنەمای لەمشێوەیە چ ئامانجێكی لە پشتە. سۆران عومەر و هاوشێوەكانیشی چاك دەزانن كێ چیی كردووە و كێ لە چییەوە تێوەگڵاوە و ئەم قسانەیش ترس و گومانە لە رابردووی کۆن و تازەیان و دەیانەوێ بە دروستكردنی گومان و دڕدۆنگی واڵابوونی دەستی خۆیان پەردەپۆش بكەن. ئەم پەرلەمانتارە ساڵانێک دۆستێکی نزیکی کەسانی توندڕۆ بووە و ئێستا لە سایەی ئەو کەشەی بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هاتۆتە ئاراوە ئازادانە کار و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی بەرێوە دەبات، هەرچەندە جێگەی سەرسورمانمانە کە کەسێک بە پاشخانێکی هزری و سیاسیی لەوجۆرە بەرپرسیاریەتی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان وەرگرێت!.

ئەگەر ئەم پەرلەمانتارە لە تۆمەتبەخشینەوەكانی پاشگەز نەبێتەوە و بەردەوام بێت لە لەكەداركردنی دەزگە ئەمنییەكان ئەوە ناچار دەبین بۆ دەركەوتنی ڕاستییەكان پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان ببەین و یاساش لە سەرووی هەموو کەس و لایەنێکە.

ئاژانسی پاراستن و زانیاری

4/-7/-2015

 



PM:11:02:04/07/2015