یەكگرتوو رەتیدەكاتەوە پارەی لە پارتی وەرگرتبێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە گوایە ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکگرتوو بڕێک پارەیان وەرگرتووە لەبەرامبەر پاشگەزبوونەوەیان لەھەڵوێستەکانی پێشوویان لەبەرامبەر یاسای سەرۆکایەتی و ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم.

لەمبارەیەوە ئەبوبەکر ھەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووشە بە "تۆڕی هەواڵی سلێمانی" راگەیاند: ھەموو ئەو پڕوپاگەندانە بریتین لەدرۆودەلەسەو دوورن لەڕاستییەوە.
وتیشی:"ھیچ پەرلەمانتارو کادرێکی یەکگرتوو ملکەچی پارەو پۆست نابێت، بەتایبەت ئەگەر ئەوانەی بادینان تەسلیمی پارەو پۆست بوونایە، دەمێکبوو وەک خەڵکی تر سەنگەری حزبایەتییان گواستبۆوە، بەڵام ئەوان تەنھا شوێن بیروباوەڕی خۆیان کەوتوون نەک پارەو پۆست".

ھەڵەدنی ڕوونیشیکردەوە، ئەوان وەک ھەر ١٠ پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو ئیمزایان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کردووە، "بەڵام ھەموو ئەو درۆودەلەسانە تەنھا ھەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی و کاریگەری فراکسیۆن و حزبەکەشمان لەھاوکێشەی سیاسیدا ھەرێمدا".

ھەڵەدنی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ئێمە نازانن سەرچاوەی ئەو پڕوپاگەندە نازحەزکارانەیە لەکوێوەیە، کە "ئۆباڵی ئەو بارودۆخە دەخاتە ئەستۆی یەکگرتووی ئیسلامی وەک ئەوەی ئێمە خاوەنی ٤٠ تا ٥٠ کورسی پەرلەمان بین".



PM:02:34:10/07/2015