فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆكی هەرێم راگەیەنراوێك بڵاودەکاتەوە

فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوەو تێیدا  وێڕای پشتیوانیکردن لەگفتوگۆ و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەمەبەستی ھێنانەدی کەشێکی ئارام و پاراستنی دەستکەوتەکان، دووپاتیدەکەنەوە، کە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی شەرعی و یاسایی یەکلایکردنەوەی سەرجەم پرسەکانە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..
ئەندامان.. دۆستان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

فراکسیۆنەکەتان، بەمەبەستی ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، خاوەن پرۆژەی (ی.ن.ک)ە لەپەرلەمانی کوردستان، کە ئێستا راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەدوای تێکھەڵکێشکردنی لەگەڵ پرۆژەی لایەنەکانی تر، ئامادەکراوەو دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
وێڕای پشتیوانیمان لەگفتوگۆ و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەمەبەستی ھێنانەدی کەشێکی ئارام‌و پاراستنی دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان، دووپاتیدەکەینەوە، کە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی شەرعی‌و یاسایی یەکلایکردنەوەی سەرجەم پرسەکانە، بۆیە ئێمە پابەندبوونی خۆمان، بەپرۆژەکەی یەکێتیی نیشتمانیی، لەپەرلەمانی کوردستان دووپاتدەکەینەوەو رادەگەیەنین: ئامادەی تەواوکردنی ھەموو رێکارە یاساییەکانی داھاتووین، وەک چۆن لەڕابردوودا، ھەنگاوی جدیمان ناوە..
داواکاریشین سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پێش دروستبوونی بۆشایی یاسایی، رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەرو ھەمووان بەیەکەوە سیستمی پەرلەمانی لەھەرێمی کوردستاندا، بچەسپێنن.
                     
     فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەپەرلەمانی کوردستان
                                  ١١/٨/٢٠١٥



PM:06:03:11/08/2015