بزوتنەوە سەبارەت بە وەرگرتنی 4 ملیۆن دۆلار لە پارتی هاتەدەنگ

سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە حیزبەكەی بڕی 4 ملیۆن دۆلاری لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەرگرتبێت لەبەرامبەردا لە كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەشداری نەكەن.

لەمبارەیەوە د. شوان قەڵادزێی، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی خەڵكی راگەیاند: بەهیچ شێوەیەك پارەیان وەرنەگرتووە، ئەوەی ئەو دەنگۆیەی بڵاوكردۆتەوە، با بەڵگە بێنێت، كە پارەمان وەرگرتووە، ئەوە درۆیەكی گەورەیە.

دەشڵێت:" خاوەنی بۆچونی خۆمانین، تائێستا سورم لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكەم، ئەمڕۆش ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كۆدەبێتەوە لەسەر ئەو پرسە".

وتیشی:" ئەگەر هەڕەشەشم لێ بكرێت، پێم عەیبە هەر باسی بكەم، هەر كەسێكیش خۆی بەمەرد دەزانێت با بێتە بەردەمم، چونكە پاسەوانم لەگەڵە و خۆشم پێشمەرگە بووم ‌و ئاوارە بووین ‌و خەباتمان كردووە، ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەك دەبینەوە ‌و هەر كەسێكیش هەڕەشە دەكات، خۆم لەو بەگەورەتر دەزانم ".  



PM:03:20:17/08/2015