" کۆسرەت رەسوڵ و فواد حسێن دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە"

لە ٨/١٩ ماوەی سەرۆکی هەرێم لەرووی یاساییەوە تەواوبووە، بەڵام تا ئێستا کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێم و د. فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی، وەک بارزانی لەپۆستەکانیان ماونەتەوەو نە کارەکانیان هەڵپساردووە، نە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" مادام هەڵوێستی یەکێتی لەگەڵ چوار حیزبەکەدایە کە داوای سیستەمی پەرلەمانی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دەکەن، دەبوایە کۆسرەت رەسوڵ لەو پۆستە پاشەکشەی بکردایە، یان کارەکانی خۆی هەڵپەساردایە".

سەبارەت بە سوودی سیاسی ئەم هەنگاوە، سەرچاوەکەی سپی وتی" ئەگەر جۆرە هەڵوێستێکی وەها لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە نیشان بدرایە، ئەوا جگە لەوەی هاوشێوەی هەڵوێستی حیزبەکەی دەبوو، هاوکات جۆرە ئیحراجییەکی بۆ بارزانی دروست دەکرد".

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد ئەو پۆستەی جێگری سەرۆکی هەرێم، هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە کە بە زۆر سەپێنرا بەسەر بارزانیدا، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە لای خودی بارزانی پەراوێزخرابوو، هەربۆیە بوون و نەبوونی وەک یەکەو، دەبوایە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی هەر زوو ئەو پۆستەی قبوڵ نەکردایە کە هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، یان لە ٨/١٩ دەستبەرداری ئەو پۆستە ببوایەو خۆی لێ رزگار بکردایە" چونکە پۆستێکی کارتۆنییە".




AM:12:51:02/10/2015