پۆلیسی هەولێر: عەلی حەمەساڵح بەپارە خەڵكی هێنایە سەرجادە

بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت: عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان " کۆمەڵێک ھەرزەکاری بێتاوانی کۆ کردبوونەوە و بڕی ٣٥٠ ھەزار دیناری پێ دابوون، بۆ ئەوەی کێشەیەک لە ھەولێر دروست بکەن".

عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "باس" سەبارەت بە بارودۆخی هەولێر لەپاش خۆپیشاندانەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و پشدەر دەڵێت: بەداخەوە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ تێکدانی بارودۆخی ھەولێر، ھەندێک لەوانە وایان بە خەڵک پیشان داوە کە ژیانیان لە شاری ھەولێر لە مەترسیدایە، زۆر جار ئەو کەسانە دەبینم. بۆ نموونە، عەلی حەمەساڵح و برزۆ مەجید، کە بە تەنیا لە شاری ھەولێر دەسووڕێنەوە. ئەگەر ژیانیان لە مەترسیدایە چۆنە دەتوانن ئاوا بە تەنیا و بێباک لە ھەولێر بسوڕێنەوە؟

بەوتەی تەلعەت: دوایین ھەوڵی عەلی حەمەساڵح ئەوە بوو، کە ڕۆژی عەرەفە، واتە ڕۆژی بەر لە جەژنی قوربان، کۆمەڵێک ھەرزەکاری بێتاوانی کۆ کردبوونەوە و بڕی ٣٥٠ ھەزار دیناری پێ دابوون، بۆ ئەوەی کێشەیەک لە ھەولێر دروست بکەن، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لە ڕێگای ھێزەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر بکرێن. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ددانیان بەوەدا نا کە عەلی حەمەساڵح،  ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبووە لە ھاندانیان بۆ دروستکردنی کێشە. دواتر باوکی ئەو مێردمنداڵانەمان بانگ کرد، ئەوان بەریبوون لەو  کەسانە و لەلای من داوایان لە عەلی حەمەساڵح کرد واز لە منداڵەکانیان بێنێت، دواتر بە کەفالەتی باوکیان ئازاد کران. من بەو کەسانە دەڵێم ھەر کەسێک بیەوێت بارودۆخی ئارامی و تەناھیی ھەولێر و ژیانی ھاووڵاتیان تێک بدات، رووبەِرووی سزای یاسایی دەبێتەوە. نموونەیەکی دیکە، ڕۆژێک سۆران عومەری پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ھاتە لام گفتوگۆی زۆرمان کرد. پێم گوت بۆچی ئێوە لە میدیاکان قسەیەک دەکەن و لای من قسەیەکی دیکە دەکەن؟ ئەو گوتی، کاک عەبدولخاڵق ناکرێت ئەو قسەیەی لای تۆی دەکەم، لە تەلەفزیۆنیش ھەمان قسە بکەم، ھەر ھیچ نەبێت، دەبێت ئەندامەکانی کۆمەڵ ڕازی بکەم! پێی گوتم: من وەک ئەندامی کۆمەڵ تەئکید ئەکەمەوە کە دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی دەوڵەت تەنیا لە ئێوە دەوەشێتەوە، ئێمە زۆرمان ماوە بگەینە ئەوەی دەوڵەت بەڕێوە ببەین، بۆ شاھدیش، خوا خێری بنووسێت لەم ژوورەی من، نوێژێکی کرد.



AM:11:55:20/10/2015