گۆڕان: هۆكاری موعاناتی فەرمانبەران بەڵێنە نادروستەكانی سامانە سروشتییەكانە

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ پەرلەمانی عێراق، له‌باره‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم و هۆكاره‌كانی‌ دواكه‌وتنی‌ لێدوانێك بڵاوده‌كاته‌وه‌، تیایدا رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ رێگە نادەن لەپێناو بەرژەوەندی دەستەوتاقمێک حکومەتی هەریم لەسەر سیاسەتی شکست خواردوی ساڵی رابردوو بەردەوام بێت .

هۆشیار عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌ لێدوانێكیدا رایده‌گه‌یه‌نێت: بۆ گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی ۲٠۱٦ چی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران بێت داکۆکی لێ دەکەین و رێگە نادەین لەپێناو بەرژەوەندی دەستەوتاقمێک حکومەتی هەریم لەسەر سیاسەتی شکست خواردوی ساڵی رابردوو بەردەوام بێت .

هۆشیار عه‌بدوڵا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئابوری سەربەخۆ و داهاتی سەربەخۆی هەرێم بە مەسەلەیەکی ستراتیژی دەزانین، بەڵام هەنگاوێكی لەو شیوەیە شەفافیەت و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای دەوێت نەک بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی و چاوچنۆکی دەستە و گروپێک.

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شده‌كات، وەک فراکسێۆنی گۆڕان هەمو هەوڵێک ئەدەن لە رێگەی فشارەکانیان لەسەر هەردو حکومەتی ناوەند و هەرێم کە ئیدی مەسەلەی کێشەی موچەی پارێزگاکانی هەرێم وەک پارێزگاکانی تری عێراق دوا نەکەوێت و بۆ ئەوەش هەمو راستیەکان دەخەنە بەردەم رایگشتی.

هۆشیار عه‌بدوڵا خه‌جتله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌: "بەرای فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبێت ئەولەویەتی حکومەتی هەرێم بە تایبەت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان موچەی كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران بێت و چیتر ئەو وەزارتە دەست هەڵگرێت لە موجازەفە کردن بە ژیان و بژێوی فەرمانبەران و بەشێوەیەکی راست و دروست و شەفاف نەوت بخاتە خزمەتی هاونیشتیمانیانەوە" .

له‌ كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌: "نایشارینەوە هۆکاری سەرەکی موعاناتی فەرمانبەران لە مەسەلەی موچە بەڵێنە نادروست و نا دەقیقەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بوو کە لە پرسی فرۆشتنی نەوت بە شیوەی سەربەخۆ بە پەرلەمانتارانی كوردیان دا لە هەولێر و بەغداد و پاشان راست دەرنەچون و کێشەی دواکەوتنی موچەی قوڵتر کردەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە بە کۆی ئەو هەنگاوانەدا بچینەوە چونکە چیتر خەڵكی کوردستان قبولێ ناکات لە کۆی ۱۸پارێزگای عێراق تەنها ئەو سێ پارێزگایە بە سێ مانگ جارێک موچەیەک وەربگریت" .



PM:01:58:21/10/2015