جەبار یاوەر: پێشمەرگە بەشداری ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکای نەکردووە

هێزێکی تایبەتی سووپای ئەمەریکا ئۆپراسیۆنێک لەحەویجە ئەنجام دەدەن‌و ٧٠ زیندانی ئازاد دەکەن، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت" هێزی پێشمەرگە بەشداری ئەو ئۆپراسیۆنەی نەکردووە".

جەباری یاوەر وەکیلی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند" پێشمەرگە بەشداری ئەو ئۆپراسیۆنەی هێزەکانی ئەمەریکای لە حەویجە نەکردووە".

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژەی لێدوانەکەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ‌هێزەکانی پێشمەرگە نزیکەی ٣٥کم دوورن لەشاری حەویجەوە، بەڵام بەشداری ئەو ئۆپراسیۆنەی نەکردووە.

کەناڵی CNN  بڵاویکردەوە شەوی رابردوو هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی بۆ رزگاركردنی چەند گیراوێک لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك ئەنجامداوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەشدا 70کەس رزگاركراون.

پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم بە میدیا ئەمەریکیەکانی راگەیاند بوو کە ئاگاداری ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنەیە.

 



PM:06:54:22/10/2015