سەرۆکی پەرلەمان: سەرتاسەری دونیا چاوی لەسەرکەوتنی هادەپە

لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی باڵای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و پێویستی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و پەرەپێدانی دیموکراتی لە پارچەکانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ئەمڕۆ یەک شەممە، ١-١١ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ شاندێکی باڵای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەسەرۆکایەتی محەمەد عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی تەڤگەر و شاندێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەر کۆبوویە. لە کۆبونەوەکەدا، کە بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە گرنگی بایەخ و پەیوەندی پارچەکانی کوردستان خستە روو، هیوای خواست ئەمڕۆ هادەپ لە هەڵبژاردنی تورکیا بتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت، چونکە کورد لە سەرتاسەری دونیا چاوی لەسەرکەوتنی هادەپە." لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی " کۆنگرەی نەتەوەیی پێداویستییەکی گرنگە بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی، گرنگە کولتوری دیموکراتی لە پارچەکانی کوردستان پەرەپێبدرێت."

هاوسەرۆکی تاڤگەری ئازادی، پشتیوانی خۆی بۆ وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی و وتی "لە هەرێمی کوردستان تاکە دەزگایەک کە بە دەنگی هاوڵاتیان شەرعییەتی وەرگرتبێت، پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە بە لۆژیکی نا دیموکراتی هەوڵ هەیە بۆ نەهێشتنی شەرعیەتی پەرلەمانی لە باشوری کوردستان، ئەمە لای ئێمە و هەمو هیزە دیموکراتییەکانی پارچەکانی کوردستان ڕەتدەکرێتەوە.



PM:01:27:01/11/2015