"خۆزگە بارزانی رێزی لە١٥٠٠ گەریلاو شەرڤانی بەشداربووی شەنگال بگرتایە"

مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵامی فەرماندەی پێشمەرگەکانی رۆژئاوای دیجلەی پارتی دەداتەوەو دەڵێت" خۆزگە بارزانی رێزی ١٥٠٠ گەریلاو شەرڤانی بەشداربووی ئازادکردنی شەنگالی بگرتایە".

دوێنێ ١١/١٣ دوای رزگارکردنی شەنگال، بارزانی پەیامێکی ئاراستەی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان کرد، ناوی گەریلاو شەڕڤانی نەهێنا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەیانێکدا بەو بۆنەیەوە ئاماژەی بۆ رۆڵی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا کرد، فەرماندەی هێزێکی پێشمەرگەی پارتی لەرۆژئاوای دیجلە بەیانێکی رەخنە ئامێزی لەسەر یەکێتی دەرکردو ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد بەیانەکەی یەکێتی رێزی لەپێشمەرگە نەگرتووە، ئەمڕۆ جارێکی تر مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵام دەداتەوە.

لەو وەڵامەدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، یەکێتی دەڵێت" ئێمە ناتوانین، خەبات‌و قوربانی شەرڤان‌و گەریلاکان رێز لێنەگرین. ھەروەکو چۆن بەرێز مەسعود بارزانی لە کاتی رزگارکردنی مەخموردا رێزی لەو (٧٠) گەریلایە گرت کە شەڕی قارەمانانەیان بۆ پاراستنی مەخمور کردبوو، لەکاتێکدا مەخموریەکان دوچاری چارەنوسی رەش کرابون. خۆزگە، لەم ھەڵمەتەی رزگارکردنی شەنگالیش رێزی لە زیاتر لە (١٥٠٠) گەریلاو شەرڤان بگرتایەو ھیچ نەبێ سڵاوی بۆ بناردنایەو ناکۆکیەکانی ئارام بکردایە".
 
 دەقی وەڵامەکە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی (رۆژی ١٣/١١/٢٠١٥) راگەیاندنێکی بەبۆنەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی رزگارکردنی شەنگالەوە، دەرکرد، مایەی سەرسوڕمان بوو، ھەر دوێنێ شەو، بەو ھەموو سەرقاڵیە، بەناوی فەرماندەی (ھێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای دیجلە)وە، وەڵامێکی توڕەیان دایەوە.
 سەرەڕای ئەوەی ئێمە دەزانین کێ بڕیاری وەڵامەکەی داوەو، چۆنچۆنیش نوسراوەو، بۆچی وا بەپەلەش بڵاوکرایەوە. بەڵام لەبەرئەوەی نامانەوێ لەمکاتەدا راکێشرێینە بەندوباوی قوڵکردنی ناکۆکیەکان، لە ھەرێم‌و بەشەکانی تری کوردستان، بەڵام تەنھا بۆئەوەی رای گشتی‌و ھێزی قارەمانی پێشمەرگە ناوەرۆکی راگەیاندنەکەی یەکێتی، بڕگە بە بڕگە بزانن‌و بزانرێ بە چ بایەخێکەوە باسی فەرماندەو پێشمەرگە کراوە، ئەم کورتە راستییانەی ناوەرۆکی راگەیاندنەکە دوپاتدەکەینەوە. چونکە ھەستمان کرد بڕیاردەرو نوسەری وەڵامەکە، لەناوەرۆکی راگەیاندنەکە خۆیان لاداوەو بەخوێندنەوەیەکی سەرپێیی توڕەبون‌و وەڵامەکەیان نوسیوە. ئەمەش بڕگە گرنگەکانی راگەیاندنەکەمانە:
- مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی فەرماندەکان‌و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکات، کە ھێزی سەرەکی ئازادکردنی شەنگال‌و دەوروبەری بون.
- شەنگال بەشێکی دانەبڕاوی باشوری کوردستانە.
- شەنگال‌و ئێزیدیەکان سەدان ساڵە فەرمانیان لەلایەن شۆڤێنیە عەرەبەکانەوە دژ دەدرێ.
- شەنگال بکرێتە پارێزگایەکی کوردستانی.
- دەوڵەتە گەورەکان وەکو ھێزی یەدەکی شەڕ نەڕواننە خەباتی کوردایەتی‌و لەچاوی حکومەتە ئیقلیمیەکانەوە سەیری کێشەی نەتەوەکەمان نەکەن.
- شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگی جوگرافی‌و سیاسی‌و عەسکەری چارەنوسسازەو توانای لۆجستی داعش تێکدەدا.
- دوو ساڵ بوو داعشەکان ویژدانی نەتەوەی کوردیان ئازاردەدا، بەڵام بەرگەی دوو رۆژی ھەڵمەتی قارەمانانەی کوردو کوردستانیان نەگرت.
دەمێنێتەوە بڵێین: ئێمە ناتوانین، خەبات‌و قوربانی شەرڤان‌و گەریلاکان رێز لێنەگرین. ھەروەکو چۆن بەرێز مەسعود بارزانی لە کاتی رزگارکردنی مەخموردا رێزی لەو (٧٠) گەریلایە گرت کە شەڕی قارەمانانەیان بۆ پاراستنی مەخمور کردبوو، لەکاتێکدا مەخموریەکان دوچاری چارەنوسی رەش کرابون. خۆزگە، لەم ھەڵمەتەی رزگارکردنی شەنگالیش رێزی لە زیاتر لە (١٥٠٠) گەریلاو شەرڤان بگرتایەو ھیچ نەبێ سڵاوی بۆ بناردنایەو ناکۆکیەکانی ئارام بکردایە.
لەکۆتاییشدا دەڵێین: با بڕیاردەرو نوسەری وەڵامەکە، دەست لەم رق‌و کینەیە ھەڵبگرن باشترە. چونکە مەترسیمان ھەیە ئەم سیاسەتە، روداوی زۆر خراپی لەو دەڤەرانە لێبکەوێتەوە. تکاشمان وایە، بەم سەرکەوتنە ھیچ لایەکمان بێباک نەبین. چونکە ھێشتا دوژمن زۆرەو ئەرکی ھاوبەشیش زۆرتر.
ئەوەی مایەی سەرسورشمانیشە بۆمان، ئەوەیە بڕیاردەرو نوسەری وەڵامەکە، باسی بایەخی پێشمەرگە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن. وا چاکە ھەنگوین بۆ باڵەکایەتی نەبەن بیفرۆشن. چونکە باڵەکایەتی کانگای ھەنگوینی رەسەنە!
 
 
راگەیاندنی
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



PM:12:57:14/11/2015