جەلال جەوهەر: پارتی بەنەخشەی نوێی ناو پەرلەمان زۆر نیەگەرانە

سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان، جەلال جەوهەر رایگەیاند" پارتی دیموکراتی کورستان بەم ئەنجام و نەخشە نوێیەی ناو پەرلەمانی کوردستان زۆر نیگەران و سەغڵەتە، نەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەک ئیدیعا دەکات".

لە وتارێکدا بەناونیشانی "نیگەرانییەکانی پارتی بەرامبەر بە پەرلەمان لە چییەوە سەرچاوە دەگرن" هەڵسوراوی بزووتنەوەی گۆڕان جەلال جەوهەر دەڵێت" لە (٢٢) ساڵی یەکەمی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا، نەخشەی سیاسی لەناو پەرلەمان هەمیشە بەجۆرێک بووە و دەرهێنراوە، کە هەرگیز پێچەوانەی ویستی پارتی دیموکراتی کورستان نەبێ"، ئەو پێیوایە لە ماوەی کاری خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کورستان (نزیکی ساڵێک و نیو دەکات)، پەرلەمانی کوردستان (١٨) یاسا و (٣٧) بڕیاری دەرکردووە، لەو یاسا و بڕیارانە بەشێکی بە ویستی پارتی نەبووە و لە بەشێکی ئەو یاساو بڕیارانەش زۆر نیگەرانە".

دەقی نووسینەکە:

"نیگەرانییەکانی پارتی بەرامبەر بە پەرلەمان لە چییەوە سەرچاوە دەگرن"
بەشی یەکەم
قەیرانی پەکخستنی پەرلەمان و داگیرکردنی دەسەڵاتەکان و قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی و تەندروست چارەسەر ناکات.
١- قەیرانی پەکخستنی پەرلەمان کێشەکان ئاڵۆزترو زۆرتر دەکات.
قەیران بە قەیران چارەسەرکردنی قاعیدەیەکی مەنتقی و حیسابی دروست نییە، بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد لەم ناوچە پڕ قەیران و کێشەیە، کە دۆخەکەمان ئەوەندە هەستیار و ئاڵۆزە بەرگەی ئەم هەموو قەیرانە ناوخۆیە و دەرەکییە ناگرین.
قەیران بە قەیران چارەسەر کردن، تەقلیدێکی سیاسی موخابەراتییە، زۆرجار ڕژێمە دکتاتۆرەکانی دونیا پەنای بۆ دەبەن بۆ شاردنەوەی قەیران و کێشە ڕاستەقینەکان لە هاووڵاتییانی خۆیان.
قەیران بە قەیران چارەسەرکردن، لە ڕاستیدا ئەوە چارەسەرکردنی قەیرانەکان نییە، بەڵکو کەڵەکەکردن و کۆکردنەوەی قەیرانەکان، و ڕەنگە لەناو هەندێ کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی دونیا بە شیوەیەکی کاتی سەربگرێ، بەڵام دوور و نزیک بە تەقینەوە کۆتایی دێت و زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێ، بە پرسی کوردیشەوە، کە ئێستا لە قۆناغێکی سیاسیی هەستیار و ئاڵۆزو زەحمەتدایە.
هەر بۆیە دروستکردن و هەڵبەستنی قەیران لە پێناوی دەستکەوت و بەرژەوەندیی حیزبی بچووک و کورت خایەن زوڵمێکی یەکجار گەورەیە لە میللەتەکەمان و پرۆسەی سیاسی و یەکڕیزی نیشتمانی.
با لە جیاتی خوڵقاندنی قەیران، ڕێگە چارەی یاسایی و سیاسییانەی هاوسەنگ و بەرپرسانە بگرینە بەر، کە هەم پرۆسەکەمان لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان و دونیا جوان دەکات و هەم خزمەت بە میللەتەکەمان و پرۆسەکە دەکات.
پارتی بە نەخشەی نوێی ناو پەرلەمان نیگەرانە یان بە سەرۆکی پەرلەمان؟
لە (٢٢) ساڵی یەکەمی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا، نەخشەی سیاسی لەناو پەرلەمان هەمیشە بەجۆرێک بووە و دەرهێنراوە، کە هەرگیز پێچەوانەی ویستی پارتی دیموکراتی کورستان نەبێ.
یاساو بڕیارەکانی دوو ساڵی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان نەبێ کە (لە سەردەمی پەنجا بە پەنجا) بە سازانی هەردوو فراکسیۆنی سەوز و زەرد بووە.
لە (٣/٩/١٩٩٦) تا کۆتایی خولی هەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمان لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠١٤) پارتی بە هەر ڕێگا و شێوازێک بوو بێ توانیویەتی دەسەڵاتی یاسادانان بۆخۆی کۆنترۆڵ بکات و زۆرینەی ڕەها (٥٠+١) لە ناو پەرلەمانی کوردستان بۆخۆی مسۆگەر بکات ( وەک ئەوەی لە ٣/٩/١٩٩٦ ڕوویدا لە دوای ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ ...).
بەم جۆرە زۆربەی هەرە زۆری یاسا و بڕیارەکانی ئەو هەژدە (١٨) ساڵە لە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە ویستی پارتی بووە.
لە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش، کە لە (٢٩/٤/٢٠١٤) دەست پێ دەکات، بەجۆری نەخشەی سیاسی ناو پەرلەمانی کوردستان گۆڕا، کە پارتی نەتوانێ زۆرینەی ڕەها دروست بکات و نەتوانێ متمانەی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەدەست بێنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆز و کەڵەکە بووەکانی وەک یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و پرۆژەی ڕەشنووسی دەستوور بەو جۆرەی پارتی مەبەستی بووە. لە ڕاستیدا پارتی دیموکراتی کورستان بەم ئەنجام و نەخشە نوێیەی ناو پەرلەمانی کوردستان زۆر نیگەران و سەغڵەتە، نەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەک ئیدیعا دەکات و بەپێی ئەم ڕاستییانەی خوارەوە:
یەکەم: پارتی دەزانێ دەرکردنی یاسا و بڕیارەکانی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستاندا بەپێی داوا و ویستی ئەو نابێ.
لە ماوەی کاری خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کورستان (نزیکی ساڵێک و نیو دەکات)، پەرلەمانی کوردستان (١٨) یاسا و (٣٧) بڕیاری دەرکردووە، لەو یاسا و بڕیارانە بەشێکی بە ویستی پارتی نەبووە و لە بەشێکی ئەو یاساو بڕیارانەش زۆر نیگەرانە لەوانە:-
١- یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی. ئەم یاسایە لە (٤/٩/٢٠١٤) دەرچووە، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە پێکهاتەی ئەو کۆمسیۆنە بە ویستی پارتی نەبوو، بۆیە تا ئەمڕۆ بەربەست دروست دەکات لەسەر تەواو کردن و دەستبەکار بوونی دەزگاکانی ئەو کۆمسیۆنە لە هەرێم، ئەگەر بۆ پارتی سەر بگری، کۆمسیۆن پەک دەخات یان لە هەلێکی گونجاودا گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەی دەکات بە جۆرێ کە زۆرینەی دڵنیا بۆ خۆی دروست بکات.
٢ - یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکان لە ١٢/٣/٢٠١٥ لە پەرلەمان پەسەند کرا، بەڵام دروست نەکراوە و کاری پێ نەکراوە. ئەمیش دیارە بۆ ...
٣- یاسای خۆپیشاندان لە مانگی ٦/٢٠١٤ دەرچوو، بەڵام پەسەند نەکرا.
٤- یاسای پێدانی بودجەی حیزبەکان لە مانگی ٧/٢٠١٤ دەرچوە و کاری پێ نەکراوە.
٥- هەموارکردنی یاسای دەستەی نەزاهە.
٦- یاسای ئاماددەکردنی پرۆژەی دەستوور بۆ ڕاپرسی پەکخرا.
٧- بڕیاری دانپێدانان و مامەڵەکردن لەگەڵ کانتۆنەکانی رۆژئاوا.
دووەم: لەمەش قورستر و زەحمەتتر بۆ پارتی ئەوەیە، لەگەڵ هەموار کردنی هەر یاسایەک پارتی ترسی لێدەنیشێ، چونکە زۆربەی هەرە زۆری یاساکانی پێشوو لە بنەڕەتدا بەدڵ و ویستی پارتی دەرچووە لە پەرلەمانی کوردستان. کاتێ ترسەکە گەیشتە سەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پارتی ئەم قەیرانە نوێیەی خوڵقاند.
لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم زۆر هەستیار بوو بۆ پارتی، بۆیە ئاماددە نەبوو بەشداری بکات لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموارکردنی ئەو یاسایە لەگەل چوار لایەنەکەی تر (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ)، کە هەر چواریان (چوار فراکسیۆنەکە) یەک پرۆژە یاسای هاوبەشیان ئاماددە کردبوو، پارتی لە جیاتیی بەشداریکردن لە هەموارکردنی یاساکە لە ڕێگای پەرلەمانەوە، کەوتە کار بۆ دروستکردنی فشاری جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ سەر هەرچوارلایەنەکو، بۆ ئەوەی بە سازانی سیاسی لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم مەسەلەیە بگەنە ئەنجام.
دوای ئەوەی هەرچوار لا رەزامەندییان دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە ڕێگای سازانی سیاسی، ئەوە بوو هەر پێنج لا (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و پارتی ) ١١ کۆبونەوەیان ئەنجامدا، کە زیاتر لە چل و چوار سەعاتی خایاند، پارتی تەنها یەک هەنگاویش نەهاتە پێش بۆ ڕێککەوتن و سازان لەسەر ماددە سەرەکییەکانی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، بۆیە کۆبونەوە پێنج قۆڵییەکە هەڵپەسێردرا لە (٨/١٠/٢٠١٥).
هاوکات لەو سەرو بەندەدا، کە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ئارادا بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تا ڕادەیەکی کەمیش لە پارێزگای هەولێر و دهۆک، بە بۆنەی دواکەوتنی مووچە بۆ ماوەی چوار مانگ، پارتی توانیی ئەو خۆپیشاندانانە بقۆزێتەوە بۆخۆی و ئاڕاستەکەی لە چەند ناوچەیەک بگۆڕێ، بەجۆرێ کە توندوتیژی و شەهید و برینداربوون و سوتاندنی بارەگای لێبکەوێتەوە، بەم جۆرە پارتی قەیرانێکی تریشی دروستکرد بۆ ئەم مەبەستانە:
١- پەکخستن و لەکار خستنی پەرلەمانی کوردستان تا هەڵبژاردنی (٢٠١٧)، یان تا پارتی ئەتوانێ زۆرینەیەک لە پەرلەمانی کوردستان دروست بکات، بەهەر ڕێگایەک کە بۆ پارتی بگونجێ، بە ڕێگای (اکراە واغرا‌و)یشەوە.
٢- بە سوود وەرگرتن لە خۆپیشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پارتی قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێمی تا ڕادەیەک خستە ژێرەوەی قەیرانەکانی ترەوە، کە پارتی ئەمەشیانی هەر زۆر مەبەست بوو.
٣- تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لە قەڵادزێ و کەلار نامەیەکی هەڕەشە ئامێز بوو بۆ دانیشتوانی پارێزگای هەولێر ودهۆک، ناوەرۆکەکەی ئەوەیە: ئەگەر خۆپشاندان لەم دوو پارێزگایە بکرێ بە چەک ڕووبەڕووی دەبینەوە.
٤- پارتی هەر لە سەرەتای قەیرانی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و لە گەرمەی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان سەرقاڵی ئەوە بوون چۆن ئەم چوار لایەنە لە یەکتر دوور بخەنەوە و درز و کەلێن لەنێوانیاندا دروست بکەن، بۆیە یەکێکی تر لە مەرامەکانیان لەم شێوە خۆپیشاندانە ئەوە بوو، کە چۆن ساردی و دوو دڵی و جیاوازی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ دروست بکەن.
٥- بۆ ئەوەی پارتی بیسەلمێنێ و نیشانی بدات کە کاروباری حوکمڕانی و ئیدارات لە سنووری پاڕیزگای سلێمانی سەرکەوتوو نییە.
سێیەم: چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە ماوەی (٢٢) ساڵە (لە ١٩٩٢ بۆ ٢٠١٤ ) پەراوێز خرابوو تا ڕادەیەکی زۆر... وەک دیارە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان شتێک گرنگی زیاتری بەم ئەرکە داوە، بۆیە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی خولی هەڵبژاردنی چوارەم دا، پەرلەمانتاران (٧٧٠ ) پرسیاریان ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارا بوونی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن نیگەرانە بەهۆی ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پارتی یە. پارتی نەیشاردووەتەوە و بە ڕاشکاوی ئەم نیگەرانییەی دەربڕیوە بە بیانوی ئەوەی هەرێمی کورستان لە قەیرانی شەڕ و دارایی دایە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە بوترێ ئەوەیە، یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆران و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشت لە (١٧/٤/٢٠١٤)، تایبەت بوو بە کاراکردنی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمانی کوردستان، لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان، ڕۆڵی پەرلەمان بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویست تر دەبێ، بەڵام پارتی پابەند نەبوو بە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەش.
 



AM:12:12:24/11/2015