سپی دەقی ئەو نامەیەی جەلالی سام ئاغا بڵاودەکاتەوە کە خەڵاتەکەی رەتکردەوە

یەكێتی نێودەوڵەتی ئابوریناسان و كارگێڕییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی جەلالی سام ئاغا خەڵات دەکات، ناوبراویش ئەو خەڵاتە رەتدەکاتەوە، سپی نامەی رەتکردنەوەکە بڵاو دەکاتەوە.

لە نامەکەدا کە ئاراستەی یەكێتی نێودەوڵەتی ئابوریناسان و كارگێڕییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای کردووە، جەلالی سام ئاغا سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت" بە شانازیەوە نامەکەتانم پێگەیشت کە بەرواری ١٠ ی مانگی ئەیلولی لەسەرەو ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و ئەنجومەنی راوێژکاران بە پشتبەستن بەرای لیژنەی خەڵاتکردن بڕیاریداوە ئەو خەڵاتەی یەکێتییەکەتان ( خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەوروپی بۆ کەسایەتی ساڵ لەبواری نەزاهەی ئیداریدا ) بسپێردرێت پێمان".

لە بڕگەیەکی تری نامەکەی جەلالی سام ئاغادا هاتووە" دەمەوێت پێتان رابگەیەنم بەداوای لێبوردنەوە بەهۆی هەندێک هۆکاری شەخسیەوە خەڵاتەکە وەرناگرم، هیوادارم داواکەم قبووڵ بکەن لەگەڵ رێزو سوپاسی بێ پایانمدا".

 پێشتر ئەم رێكخراوە لەساڵی 2013 خەڵاتی ئەورپی بۆ كەسایەتی جیهانی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا بەخشی بە شاخەلیفە بن سەلمان ئال خەلیفە سەرۆك وەزیرانی بەحرەین‌و هەروەها خەڵاتی رێكخراوەكەی لەبواری پەیوەندی مرۆڤایەتی بەخشیوەتە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق‌و، خەڵاتی كەسایەتی نیشتیمانی داوەتە مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

یەكێتی نێودەوڵەتی ئابوریناسان و كارگێڕییەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، رێكخراوێكی سەربەخۆیە‌و لەساڵی 2010 دا دامەزراوە‌و لەدامەزراندنەكەیدا كۆمەڵێك لەئابوریناس‌و كارگێڕكارانی نیشتەجێی ئەوروپا‌و دەرەوەی ئەوروپا هاوكار بون‌و لەسەرتاسەری جیهاندا 20 بنكە‌و ئۆفیسی هەیە.
 
    



PM:08:30:04/12/2015