پارتی وتەبێژی حەشدی دەستگیركرد

بەهۆی دركاندنی زانیاریی لەسەر هاتنی سوپای توركیا بۆ پارێزگای موسڵ، وتەبێژی حەشدی نیشتمانی (سوننەكان) لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیركرا.

لەمبارەیەوە كەسێَكی نزیك لە بنەماڵەی مەحمود سورچی، وتەبێژی ھێزەکانی حەشدی نیشتمانی (سوننەکان)ە، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: دوای ئەوەی (مەحمود سورچی) زانیاری تەواوی لەبارەی ھێزەکەی تورکیاوە ئاشکراکرد، لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە  فشارێکی زۆری خراوەتەسەرو ھەڕەشەی لێکراوە.

 وتیشی:"مەحمود سورچی ویستویەتی بێتە سلێمانی و خۆی بشارێتەوە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی دروستبوە، بەڵام دواتر مۆبایلەکەی کوژاوەتەوەو دوای بەدواداچونیش بۆمان دەرکەوت لەئاسایشی پارتی لەدھۆک دەستبەسەرە".

سەبارەت بەوەش ئاخۆ چییانکردووە بۆ ئازادکردنی، ئەو سەرچاوەیە وتی:"تائێستا نەمانتوانیوە ئازادی بکەین، ھەرچەند لەھەوڵەکانمان بەردەوامدەبین، بەڵام دڵنیاین لەئاسایشی دھۆکی پارتیە".

ئەو سەرچاوەیە کە زۆر نزیکە لەخانەوادەی مەحمود سورچی ئەوەشی ئاشکراکرد، شەوی ڕابردوو ژمارەیەک کەناڵی ناوخۆیی و عیراقی ویستوویانە دیداری ڕاستەوخۆو لێدوانی لێوەربگرن سەبارەت بەو ھێزەی تورکیا، بەڵام لەلایەن پارتیەوە دەستگیرکراوەو خراوەتە زیندان.



PM:01:13:06/12/2015