سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی هۆڵەندا کۆدەبێتەوە

 لە دواهەمین وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ئەوروپا، د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تەلاری پەرلەمانی هۆڵەندا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا، لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆرستان و قەیرانی دارایی و پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان کۆبووە. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە وتەیەکیدا بەناوی خۆی و پەرلەمانی کوردستانەوە، سوپاسی پەرلەمان و حکومەتی هۆڵەندای کرد، کە لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان هاوکاری هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان کردووە، داوای لە هۆڵەندا کرد، پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و جەلەولا و کۆبانێ.

لەبارەی پرۆسەی دیموکراتی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "پێشمەرگە و شەڕڤان سەرکەوتنێکی گەورەیان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان بەدەستهێنا، بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی دیموکراتیدا پاشەکشێی کردووە."
 
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان وتیشی "پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی تووشی نائومێدییەکی گەورە کردووە." 

دواتریش ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا، لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان وتیان "خواستی پەرلەمان و حکومەتی هۆڵەندا ئەوەیە، کورد لەم قۆناغەدا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوەو کێشەکانی بە دیموکراتی و لە ژێر چەتری یاسادا چارەسەر بکات، هۆڵەندییەکان شانازی دەکەن کە کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی تیرۆرستان بوویەوە، پێویستە لە ئاستی ناوخۆشدا گەشە بە دیموکراتی بدەن و بەڕێگەی دیالۆگ چارەسەری گرفتەکانتان بکەن."



PM:07:57:08/12/2015