حکومەت زانیاری کۆبوونەوەکەی ئۆردغان‌و بارزانی بڵاودەکاتەوە

سەردانەکانی بارزانییەکان بۆ تورکیا زۆربوون و لەپەرەسەندان، ماڵپەڕی حکومەت لەسەر دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیاو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، تەیب ئۆردوغان زانیاری بڵاوکردەوە.

لەماڵپەڕی فەرمی حکومەتدا هاتووە" لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26-12-2015 له‌ ئیستانبوڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیاوە پێشوازی لێكرا".

لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی كرا، هەروەها تیشك خرایه‌ سه‌ر پەیوەندییە دووقۆڵیەكان لە هەموو بوارەكاندا و بەڕێز سەرۆكۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ توركیا جێگەی بایەخن و هەوڵ و تەقەلاكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەردوولادا بەهێزتر ببێت. لە هەمان كاتدا دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دەكەن و له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌بن.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کراوە" لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هەولێر و ئەنقەرە كرده‌وه‌ و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە توركیا كرد بۆ ئەو هاوكارییە سەربازی و مرۆییانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە، هه‌روه‌ها هیوای خواست كه‌ هه‌ردوولا بایه‌خ و گرنگیی زیاتر به‌ بواره‌ جیاكانی په‌یوه‌ندیی ئابووری و بازرگانی بده‌ن".

ماڵپەڕەکەی حکومەتی دەڵێت" له‌ كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە له‌م هەڵومەرجەدا توركیا و هەرێمی كوردستان لە دیدار و گفتوگۆكانیان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی دۆخه‌كه‌ ببنەوە و ئاسایش لە ناوچەكە بە گشتی بەرقەرار ببێت".
 
-



AM:10:52:27/12/2015