وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2015 دا 671 هەزار خێزان ئاوارەبوون و ساڵی داهاتوش ، یەك ملیۆن ئاوارە دەگەرێنرێنەوە بۆ ناوچە ئازادكراوەكانیان.
دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاماری ئاوارەكانی ساڵی 2015ی لە عێراق بڵاو كردوە و رایگەیاند " ژمارەی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لە سەرانسەری عێراق لە ساڵی 2015 ئاوارە بوون گەیشتوەتە 671 هەزار خێزان و لەو رێژەیە لە سەدا 49ی لە هەرێمی كوردستانن و لەسەدا 51 یش لە ناوچەكانی تری عێراق نیشەجێكراون و 73 هەزار خێزان گەرێنراونەتەوە ناوچەكانی خۆیان كە ئازاد كراون.
وتیشی بۆ ساڵی داهاتو لەبەرنامەیاندایە ئاوارەكان بگەرێننەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و بە پێی پلانی وەزارەت دەتوانرێت 200 هەزار خێزان واتا یەك ملیۆن ئاوارە بگەرێنرێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان كە لە ئێستادا رزگار كراون.
وەزیری كۆچ ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵدەدەن ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و كەركوك و خانەقین كە ناوچەكانیان ئازاد كراون بە زوترین كات بگەرێنەوە ناوچەكانی خۆیان بۆ ئەوە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە نەگۆرێن.