"خۆمان بەبەرپرس نازانین لەكەمبونەوە كارەبای پارێزگای سلێمانی"

كۆنتڕۆڵ‌و گەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی وەڵامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت:" بەهیچ شێوەیەك خۆمان بەبەرپرس نازانین، لەكەمبونەوە كارەبای پارێزگای سلێمانی‌و دروستبوونی جیاوازی".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی "ئەو پاساوەی بەرێز وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی پێكردووە بۆ كەمبوونەوەی كارەبای سلێمانی لۆژیكی نییە، چونكە نەك تەنها كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی، بەڵكو لەرۆژانی پشوودا سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی (داتا) نانێرن بۆ كۆنترۆڵی ناوەندی، بەوپێیە بێت دەبێت لەهەموو رۆژێكی پشوودا كێشەی كارەبا دروست ببێت، یان ئەگەر هۆكارەكە نەگەیشتنی داتایە، بۆچی لێیان تێكنەچوە برە كارەبای زیاتر بۆ سلێمانی بنێرن؟


ئاماژە بەوەشدراوە، لەرۆژانی پشوودا هیچ داتایەكی كارەبای پارێزگاكان ناگاتە كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم، نەناردنی داتاش لەرۆژانی پشوودا نەبۆتە كێشەو گیروگرفت‌و تێكچوونی كارەبای پارێزگاكان، لەبەرئەوەی كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم، پێشتر بەرچاوروونە لەسەر خواستی شارەكان.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:


دوابەدوای زۆربوونی دەنگۆی جیاوازیی كارەبای نێوان پارێزگای سلێمانی‌و هەولێر‌و لێدوانی بەرێز ‌وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بۆ لەرۆژی 9/1/2016 كە یەكێك لەهۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای پارێزگای سلێمانی گەراندەوە بۆ نەگەیشتنی داتای كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی بەكۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم، ئەوەش بۆتە هۆی كەمبوونەوەی برە كارەبای پارێزگای سلێمانی، لەكاتێكدا كێشەی كەمی كارەبای سلێمانی لەبەرواری 13/12/2015 تا 5/1/ 2016 بەردەوام بووە، بۆ دەرخستنی راستیەكان و هۆكاری كەمبونەوەكە بۆ رای گشتی و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی وەك بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ‌و گەیاندنی كارەبای سلێمانی ئەم ڕوونكردنەوانەی لای خوارەوە ڕادەگەیەنین:

 

1- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین لەرۆژانی پشوودا هیچ داتایەكی كارەبای پارێزگاكان ناگاتە كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم، نەناردنی داتاش لەرۆژانی پشوودا نەبۆتە كێشەو گیروگرفت‌و تێكچوونی كارەبای پارێزگاكان، لەبەرئەوەی كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم، پێشتر بەرچاوروونە لەسەر خواستی شارەكان.

 

2- ئەگەر بەرێز وتەبێژی وەزارەتی كارەبا مەبەستی كۆتایی مانگی (12)ی ساڵی (2015) بێت، ئەوا بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی رۆژەكانی (21-22-27-28-29-30/12/2015) داتای پێویستی تا (28/12/2015) ڕەوانەی كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم كردووە، بۆ هەردوو بەڕێزان لێپرسراوی ئیشپێكردنی كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم و لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمهێنان لەهەمان بەرێوەبەرایەتی ناوبراو.

 

3-بەرێز وتەبێژ دەڵێت كە لە (5/1/2016) داتای سلێمانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی لە (4/1/2016) داتای رۆژانی (29-30-31/12/2015) یان بۆ نێردراوە، لەڕۆژی (5/1/2016) داتای رۆژانی (1-2-3/1/2016) بۆ نێردراوە، بەوپێیەی كە ڕۆژانی (31-1-2/2016) پشووی فەرمی بووە.

 

دیارە ئەو پاساوەی كە بەرێز وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی پێكردووە بۆ كەمبوونەوەی كارەبای سلێمانی لۆژیكی نییە، چونكە نەك تەنها كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی بەڵكو لەرۆژانی پشوودا سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی (داتا) نانێرن بۆ كۆنترۆڵی ناوەندی، بەوپێیە بێت، دەبێت لە هەمو رۆژێكی پشوودا كێشەی كارەبا دروست ببێت، یان ئەگەر هۆكارەكە نەگەیشتنی داتایە، بۆچی لێیان تێكنەچوە برە كارەبای زیاتر بۆ سلێمانی بنێرن؟

 

پرسیارەكە لێرەدایە بۆچی كۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم كار بەداتای ساڵێكی بەردەستی ناكات، كە هەموو بەرێوەبەرە گشتییەكانی پارێزگان، بەرێوەبەری گشتی كۆنترۆڵ و گەیاندن، بەرێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان، بەرێوەبەری كۆنترۆڵی پارێزگاكان و بەسەرۆكایەتی بەرێز راوێژكاری جەنابی وەزیر لەكۆبوونەوەی رۆژی (1/12/)2015 پەسەندیان كردووە، بەڵام كار بەداتای سێ رۆژی پشوو دەكات كە لە كۆنترۆڵی پارێزگاكانەوە بەدەستی نەگەیشتووە.

 

بۆیە ئێمە وەك بەرێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ‌و گەیاندنی كارەبای سلێمانی بەهیچ شێوەیەك خۆمان بەبەرپرس نازانین لە كەمبونەوە كارەبای پارێزگای سلێمانی‌و دروستبوونی جیاوازی.



PM:04:23:11/01/2016