عەلی حەمەساڵح وەڵامی هەڕەشەکانی حکومەت دەداتەوە

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، وەڵامی ھەڕەشەکانی حکومەتی ھەرێم دەداتەوەو ڕایدەگەیەنێت: ھەرگیز ھەڕەشەکانتان ڕامان ناگرێت و ئەوەی دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، ئێوەن نەک ئێمە.
 
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، وەڵامی ئەو راگەیەنراوەی حكومەت دایەوە كە لەدژی ئەو و سۆران عومەری پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بڵاویکردەوەو تێیدا قسەکانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی لەبارەی فرۆشتنی نەوت و داھاتەکەی، بە چەواشەکاری و مەترسی خستنەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان وەسفکردبوو، ھەڕەشەی ئەوەشی لێکردبوون لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەم کردارە نابەرپرسانەیاندا، دەزگا پەیوەندارەکانی حکومەت ھەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ دووبارەنەبوونەوە و ڕێگرتن لەو مەترسیانە دەگرنەبەر.
 
لە وەڵامەکەی ئەو پەرلەمانتاری گۆڕان کە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، ھاتووە: ئەنجومەنی وەزیران ھەڕەشەمان لێدەکات ئەگەر بێدەنگ نەبین و بەرگری لەمافی خەڵک بکەین، بێدەنگمان دەکەن.
عەلی حەمەساڵح ھەروەھا نوسیویەتی:" من وەک خۆم ھەرگیز پاشەکشە لەوتنی راستی ناکەم و ھەڕەشەکانتان رامانناگرێت، ئەوەی دەبێت لێپرسنەوەی لێبکرێت ئێوەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر وەڵامیان بۆ وردەکاری بەیاننامەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت.



PM:10:08:18/01/2016