"گەندەڵییەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرا دەكرێت"

پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرایدەكات وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بێ ئیعلانكردن گواستنەوە غازی شلی داوە بەكۆمپانایەك كە مانگانە نزیكەی 7 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت.

د. شێركۆ محەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان ئاشكرایدەكات كە "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە ۲٠۱٦/۱/۱۷ بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بێ تەندەرین و ئیعلانكردن گواستنەوەی گازی شل Lpg داوە بەكۆمپانیایەك، كە مانگانە ٦-٧ ملێۆن دۆلاری دەست دەكەوێت.

د. شێركۆ هەروەها دەنوسێت "كۆمپانیای سۆرگاز پێش ساوزكوردستان كاری كردوە، تەنی بە ۱۹۲ دۆلار باركردوە. ساوزكوردستان كە دەڵێن ئەویش هەر ڕاستەوخۆ وەریگرتوە، كردویەتی بە ۲٠٠ دۆلار. سۆرگاز دەڵێت: گوایە لەو كاتەدا، هێشتا بڕێكی زۆر غازیان ماوە باریكەن، بەڵام ڕێگەیان نەداون. دیارە هەر دولا لای هەردو حیزب ئیشیان دەڕوات. سەیر لەوەدایە چۆن پێشتر بە تەنی بە۱۹۲ دۆلار بووە، كەچی ئێستا بە ۲۷٥ دۆلار وەریدەگرێتەوە؟ دەبێت خێرەكەی چەند بێت؟ بۆ زانیاری ئەم كۆمپانیایانە تەنی بە ٤۱٥٠٠٠هەزار دینار ۳٥٠ دۆلار دەدەنەوە بە كارگەكانی غازی ناوخۆ".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت: "من دڵنیام بخرێتە تەندەر وموزایەدەوە، نرخی یەك تەن غاز دەگاتە ۳٠٠ دۆلار، كە هەر ئەوە ڕۆژی ٤٣٢٠٠٠ هەزار دۆلار لەم قەیرانی دارایی وئابوری و بێ موچەییەدا بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێ تەندەری بۆ بكرێت، دور لەدەستی حیزب‌و بۆ كێ دەرچو با ئەو كۆمپانیایە كارەكە بكات كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت".



PM:10:43:20/01/2016