پارتی, كۆمەڵی ئیسلامی بە مونافیق ناودەبات

پاش ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند بەشداریی كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ناكات، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی كۆمەڵ بە مونافیق ناودەبات.

نەجات حسێن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: کۆمەڵی ئیسلامی پەیڕەوی فەرمایشتەکانی خوداش ناکات کە لەقورئانی پیرۆزدا ھاتووە.

وتیشی:" لەفەرمودەیەکی تردا داواکراوە، ھەمیشە میانڕەو بن و بەدوای چارەسەر بۆ گرفتەکان بگەڕێن، کەچی کۆمەڵی ئیسلامی ئەو تەفسیرەشی بەباشی نەخوێندۆتەوە".

بەوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، لەئاینی ئیسلامدا باس لەوەکراوە، ئەگەر کێشە لەنێوان دوولایەن ھەبوو، لایەکیان داوای گفتوگۆو کۆبوونەوەی کرد، دەبێت تۆ لایەنگری گفتوگۆ بکەیت، ھەربۆیە دەبوایە کۆمەڵی ئیسلامی لایەنگری پەیامەکەی بارزانییان بکردایەو بەشداریان لەکۆبوونەوەکەی سبەینێ بکردایە".
 
بەبۆچوونی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، کۆمەڵی ئیسلامی بەبڕیاری بایکۆتکردنی کۆبونەوەکە، بەنزینی زیاتر بەسەر ئاگری میللەتی کورددا دەکات و ئەو حزبەش بەمونافق لەقەڵەمدەدات و دەڵێت:" ئەم ھەڵوێستەی کۆمەڵی ئیسلامی جگە لە مونافیقی ھیچی تر نییە، ھیوادارین بیانووی مەعقولیشیان ھەبێت".
 
سەبارەت بەڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی کە ئاماژە بەوەکراوە، بەھۆی ئەنجام نەدانی زەمینەسازی بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن، نەجات حسێن وتی: گەورەترین ھاوپەیمانمان کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، وەک سەرۆکی ھەرێم ھەڵسوکەوت لەگەڵ مەسعود بارزانی دەکات، کۆمەڵی ئیسلامیی چییە وەک سەرۆکی ھەرێم ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکات".



PM:04:26:25/01/2016