كرێی خوێندنی زانكۆ ئەهلییەكان‌ كەمكرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم كرێی خوێندنی لە زانكۆ ئەهلییەكان بۆ 10%‌و بۆ لەخوێندنگە تایبەتییەكان بۆ 15% كەمكردەوە.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە:

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (۲۰۱٦/۲/۹) لە هۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەئامادەبونی د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، د.ڕێواس فایەق بڕیاردەری لێژنەکە و د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کرا.


لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران کورتە باسێکی لەبارەی قەیرانی دارای هەرێمی کوردستان کرد و وتی: ئێمە وەک ناوەندێکی ئەکادیمی دەمانەوێ بەگوێگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و ڕاوێژکردن بڕیار لەسەر بابەتە هاوبەشەکان بدەین تا زەمینەسازی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکان گونجاو و باشتر بێت، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان هەیە، بەڵام وەک وەزارەت بەڕاوێژ و وەرگرتنی ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانتان ئەو ڕێژەیە دیاری بکەین بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی (۲۰۱٥-۲۰۱٦) لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان.


هەر لە قسەکانیدا د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسی لە ڕۆڵی زانکۆ تایبەتەکان کرد بەتایبەت بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارانی دەرچوانی (١٢)ی ئامادەیی و پێگەیاندنی نەوەکان بەزانست و مەعریفەی نوێ، وتیشی هەر ئەو چاوەڕوانیەی حکومەت بوو لە زانکۆ تایبەتەکان وایکرد بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاریکارو هاوکاری زانکۆ تایبەتەکان بێت بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، بۆیە ئێستاش کە قەیرانی دارایی ڕوی لە کوردستان کردوە، چاوەڕوانی ئەوە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکرێت کە پاڵپشتی حکومەت بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، بۆ ئەوەش داواکارین هاوکاوی خوێندکاران بکەن لە داشکاندنی کرێی خوێندن، چونکە بارگرانیەکی زۆر کەوتۆتە سەر خوێندکاران و کەس و کارەکانیان.


لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا سەرۆک و بڕیاردەری لێژنەی دارایی و سەرۆکی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوەی وەزارەتیان بەکارێکی گرنگ زانی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون و وەرگرتنی پێشنیازەکانیان بۆ دەرکردنی بڕیارەکان، لەهەمان کاتدا چەندین پێشنیازیان خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.


دوابەدوای کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەیەدا کە سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆ تایبەتەکان و سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پاڕلەمانی کوردستان ئامادەیبون، د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاکامی کۆبونەوەکەی بەڕۆژنامەنوسان و میدکاران ڕاگەیاند و ووتی: لەسەر پێشنیازی نوسراوی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پاڕلەمانی کوردستان کە لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاڕاستەی وەزارەتەکەمان کرابوو، ئەمڕۆ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی فراوانی کرد.


وتیشی لەو کۆبونەوەیەدا بەڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و دۆخی دارایی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر چۆنیەتی داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کرا، بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر کواڵیتی خوێندن لە زانکۆکان نەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا دوای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان، لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە:


١.ڵێخۆشبونی کرێی خوێندن بەڕێژەی (١٠%) لە پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦).

٢. لێخۆشبونی کرێیی خوێندن بەڕێژەی (١٥%) لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦).


بۆ ئەوەش بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەناوی وەزارەتەوە سوپاسی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی کرد، ئەوەشی ڕاگەیاندن کە قستی خوێندن هەروەک پێشتر بریاری لەسەر دراوە کرێی خوێندنی ساڵانە بەپێنچ قیست دەدرێت.


لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پاڕلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: لە ئەنجامی گفتوگۆ و ڕاوێژکردنێک کە نزیکەی (٢) سەعاتی خایاند بەگیانی هەستکردن بەلێپرسراوێتی و بەجێگەیاندنی ئەرکێکی نیشتیمانی نەتەوەیی بەتایبەت لە قۆناغەدا زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەدەم داواکەمانەوە هاتن و پیشنیازەکانیان پەسند کردین، هیواشی خواست ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ دراوە کەلێنێکی دارایی خوێندکاران و کەس وکاریان پر بکاتەوە.


هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکان بۆ میدیاکاران دوان و جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەوەی پێیان بکرێ بۆ هاریکاریکردنی خوێندکاران و تێپەڕاندنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان درێخی ناکەن.



PM:02:53:09/02/2016