ئایا حكومەتی لەسەر حیسابی موچەی خەڵک پارەی بە دانا غاز داوە؟

بەپێی نوسینێكی د. ئارام رەفعەت، پێدەچێت ئیفلاسی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو كێشەیەوە بێت كە هەرێم لەگەڵ گروپی دانا غاز هەیەتی.

د. ئارام رەفعەت، لە وتارێكدا لە ژێر ناوی "ئایا موچە و قوتی خەڵکی کوردستان دراوەتە دانا غاز؟" شیكارییەك بۆ دۆخی ئابوریی ئێستای هەرێم‌و پەیوەندی ئەم قەیرانە لەگەڵ قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بە كۆمپانیا دانا غاز دەكات.

لەبەشێكی وتارەكەدا هاتووە: گریمانەیەکی بەهێز هەیە کە هۆکاری ئیفلاسی دارایی هەرێم ڕاستەوخۆ دەرەنجامی کێشەکانی نێوان هەرێم و گروپی دانا غازی ئیماراتی و هاوپشکەکانی دانا غازە (کە بریتین لە Crescent, MOL وە OMV). لێرەدا بە پشت بەستن بە چەند دراوێک، هەوڵ دەدەم وەڵامی پرسیارە بدەمەوە کە ئایا هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی قوت و موچەی خەڵکی کوردستان کێشەی خۆی لە گەڵ دانا غازدا یەکلا کردووەتەوە:
دراوی یەکەم؛ لەڕووی زەمەنییەوە، ئیفلاسی دارایی هەرێم هاوکاتە یەکلابوونەوەی کێشەی نێوان هەرێم و دانا غاز لە دادگای لەندەن بۆ دادوەری نێودەوڵەتی.
بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان هەرێم و دانا غاز دادگای لەندەن لە دوو دانیشتنی جیاوازدا دوو بڕیاری دەرکردووە و هەردوو بڕیارەکە لەبەرژەوەندی دانا غاز و لەدژی هەرێم یەکلا بوونەتەوە.

لە دانیشتنی یەکەم کە لە ٢ی تەموزی ٢٠١٥ بەفەرمی بە هەرێمی کورستان ڕاگەیەندرا، هەرێم ئیلزام کراوە کە لەماوەی ٢٨ ڕۆژدا بڕێ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە داناغاز و هاوبەشەکانی.

لە دانیشتنی دووەمیشدا کە لە ڕۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەر (مانگی یازدە) ڕاگەیەنرا، هەرێم ئیلزام کراوە کە لەماوەی ٢٨ ڕۆژدا ١.٩٨ (واتە نزیکی دوو ملیار) دۆلار بداتە دانا غاز.

هەرچەندە پێش ئەم حوکمانەی دادگای لەندەن، هەرێم قەیرانی دارایی و گرفتی دابینکردنی موچەی هەبوو، بەڵام دوای ئەم حوکمانە، هەرێم بەتەواوی و بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەدابینکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دزیوەتەوە، بە جۆرێک لەمانگی ئەیلولەوە موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران نەدراوە.

بەواتایەکی تر، ناکرێت مەسەلەی نەدانی مووچە بۆ ماوەی شەش مانگ و مەسەلەی سەپاندنی سزای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لەو شەش مانگەدا لەیەکتری جیا بکرێنەوە.

نوسەر بە هێنانەوەی 7 دراوی دیکە لەكۆتاییدا دەنوسێت: هەموو ئەم دراوانەی سەرەوە بەسەریەکەوە ئەوە دەسەلمێنن کە داهاتی فرۆشی نەوت لە شەش مانگی ڕابردوودا کراوەتە قەرەبووی گەمەیەکی دۆڕاو.

ئەم گەمە دۆڕاوەش جگە لە گەمەی گرێبەستی نەوت لەگەڵ دانا غاز و کۆمپانییا نێودەوڵەتییەکانی تر هیچ شتێکی تر نییە.
 



PM:02:41:15/02/2016