"كلیلی چارەسەری كێشەكان لە دەستی كەسی یەكەمی حیزبەكاندایە"

بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن پێیوایە لە ئێستادا كلیلی چارەسەری كێشەكان لە دەستی كەسی یەكەمی پارتە سیاسییە سەرەكییەكانە، ئەوان دەتوانن زۆر بە ئاسانی گرێ كوێرەكان بكەنەوە.

نەزهەت حالی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان دەڵێت:  لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راستییەك هەیە، ئەویش ئەوەیە كە پێویستە بە دوای كەسانی دڵسۆز، پاك، شارەزا و نیشتمانپەروەردا بگەڕێین و ئەوان لە پۆستە گرنگەكان دابندرێن، تاكو بتوانن بە گروپ و بە یەك ئامانج رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و رێگری لە پەرەسەندنی گەندەڵی بكەن. جیا لە بڕینی بودجەی هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر، ئەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی قووڵتر كردووەتەوە، نەبوونی پلان و سیاسەتی ئابووری و بوونی گەندەڵییە، جیا لەمانەش كێشەی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەك و قەیرانی سیاسی هەرێم و ورووژاندنی زیاتری لایەنە سیاسییەكان لە لایەكی دیكە، قەیرانەكەیان سەختتر كردووە.

هەروەها دەڵێت: بێگومان هەست بە دەستێوەردانی دەرەكی دەكرێت بۆ نانەوەی ئاژاوە لە هەرێمی كوردستان و زیادكردنی ناڕەزایی جەماوەری، ئەویش لە ئەنجامی چالاكییە هەواڵگرییە نەرێنییەكان و شەڕی نەرم ئەنجام دەدرێت. ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانیش كاریگەری لەسەر تێكرای رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، ئێمە نابێت ببین بە بەشێك لەو ململانێیە، ئەوەش تەنیا پەیوەستە بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی ناوخۆمان و بوونی دیدی ستراتیژی هاوبەش بۆ پرسەكەمان. هەرچەندە هەرێمی كوردستان توانیویەتی تاكو ئێستا یاریكەرێكی گرنگ بێت، بەڵام بەپێی سیستەمی سیاسی ئێستای جیهان، تاكو ئێمە نەبین بە دەوڵەتی سەربەخۆ، نابین بە یاریكەرێكی كردەیی و فەرمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێت هەمیشە وریا بین بۆ ئەوەی نەبین بە بەشێك لەو ململانێیە و نابێت رێككەوتنی نێوان لایەنەكان لەسەر حیسابی گەلەكەمان بێت.

نەزهەت حالی لەبەشێكی دیكەی دیمانەكەدا دەڵێت: بەداخەوە نەك ئێستا، بەڵكو هەر لە دوای سەرهەڵدانی 1991 و دوای پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ناو كۆماری ئیسلامی ئێران گوێبیستی هەندێك لێدوان بووین كە هەرێمی كوردستانیان بە ئیسرائیلی دووەم ناودەبرد، راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستانی باشوور بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبووە، هەروەها هەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ ئێران و توركیا و هیچ دراوسێیەكی تری و لە داهاتووش نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە. داواكاری سەربەخۆیی ئێمە داواكارییەكی رەوایە و پەیوەستە بە پرسی ناوخۆیی عێراق نەك وڵاتێكی دیكە، پێموایە دراوسێكانمان دەتوانن لە كاتی بڕیاردانی سەربەخۆیی بە پشتگیری كردنمان بۆ جیابوونەوەی ئاشتییانە، رۆڵی مرۆیی و ئایینی خۆیان بگێڕن، لەبەرئەوەی گەلی كوردستانی باشوور هەموو رێگاكانی پێكەوەژیانی لەگەل عێراق لە سیستەمی پاشایەتی، كۆماری، دیكتاتۆری، دیموكراسی، ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی تاقی كردووەتەوە، بەڵام هیچ یەكێك لەوانە بۆ عێراق و گەلی كوردستان چارەسەری ریشەیی نەبوون.



PM:04:00:22/02/2016