لاهوری شێخ جەنگی:راپەڕین بەخوێن هاتوە،بەخوێنیش درێژەی پێدەدرێت

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن – زانیاری، لاهوری شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە، دەڵێت" راپەڕین، خەونی روناكی هەژارانی ئەم خاكەیە، ئەستێرەیەك نییە بمرێت و خۆرێك نییە دامركێتەوە. راپەڕین داستانی پشتاوپشتی نەتەوەیەكی مەزڵومە، بە خوێن هاتوە, بە خوێنیش درێژەی پێ دەدرێت بەرەو كامڵبون".

لاهوری شێخ جەنگی لە پەیامێک کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، هاتووە" ئەوانەی پێیان وابێت كە راپەڕین كۆتایی هاتوە، بە هەڵەدا چون راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە ئازاری ١٩٩١، بەرهەمی خواست و خەباتێكی درێژخایەنی نزیك لە سەدەیەك گیانبەخشین و قوربانیدان بوو".

 
دەقی پەیامەكە

ئەوانەی پێیان وابێت كە راپەڕین كۆتایی هاتوە، بە هەڵەدا چون راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە ئازاری ١٩٩١، بەرهەمی خواست و خەباتێكی درێژخایەنی نزیك لە سەدەیەك گیانبەخشین و قوربانیدان بوو.

راپەڕین هیوای خەڵك و رێكخستن و پێشمەرگە بوو. هەزاران شەهیدی ئەم كوردستانە, پێش دوا ترپەی دڵ, رزگاریی, ئازادی, یەكسانی و سەربەخۆییان بۆ گەلی كوردستان بە هیوا خواستوە و ژیانیان لە پێناودا بەخشیوە.

هەزاران مناڵی شەهیدان, بە ئاواتی رۆژگارێكی روناك بۆ نەتەوەكەیان, بە چاوی پڕ گریان و جەرگی سوتاو و هەناسەی سوارەوە, بە دیار جەستەی ژێر ئەشكەنجە و دەسڕێژی گولەی نامەردانی دوژمنەوە, لە ئاوارەیی و ئەنفال و راگوێزان و ژێر بۆردومان و كیمیاباراندا نەلەرزیون, چۆكیان دانەداوە و پشودرێژانە, سرودی خۆڕاگری ئەی رەقیبیان گوتۆتەوە و سەنگەری ورە و رۆحی ئەم نیشتمانەیان بەبەرزی پاراستوە. با تەواو رون بێت كە راپەڕین, ناسنامەی قارەمانێتی شكۆی ئەم گەلە ستەمدیدەی كوردستانە و هیچ هێزێك لێی زەوت ناكات.

راپەڕین, خەونی روناكی هەژارانی ئەم خاكەیە, ئەستێرەیەك نییە بمرێت و خۆرێك نییە دامركێتەوە. راپەڕین داستانی پشتاوپشتی نەتەوەیەكی مەزڵومە, بە خوێن هاتوە, بە خوێنیش درێژەی پێ دەدرێت بەرەو كامڵبون. بۆیە ئەوانەی بیانەوێت, راپەڕین و قوربانیدانی ئەم میلەتە بەكەم بگرن, بە هەڵە چوون.

راپەڕین كۆتایی نەهاتوە. بەڵكو بە پشتیوانی خوا و بە هیممەتی نەوەی نوێ, كەسوكاری شەهید و بنەماڵەی پێشمەرگە و رێكخستن و بە هاوكاریی مرۆڤە نیشتمانپەروەر و راستەقینەكان, راپەڕین بۆ بنیادنانەوەی كوردستان, تا راستكردنەوەی هەڵەكان, تا بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی, تا سەقامگیریی سیاسی و تا بڕینەوەی دەستی دوژمن, تا ریشەكێشكردنی گەندەڵ و تێكدەر و لادەرەكان و تا گەیشتن بە خەونی شەهیدان و بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان, راپەڕین بەردەوام دەبێت. بەرز و پیرۆز بێت یادی ٢٥ ساڵەی راپەڕینی دڵسۆزانی كورد و كوردستان



AM:09:19:05/03/2016